زانیاریی نوێ لەبارەی دراوە دیجیتاڵییەکەی بانکی ناوەندیی عێراق

راوێژكارێکی سەرۆك وەزیرانی عێراق باس لە سودەكانی دەركردنی دراوی دیجیتاڵی بۆ بانكی ناوەندی دەکات و رایدەگەیەنێت، دەركردنی ئەو دراوە شەفافیەت بەرزدەکاتەوە.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، بانكی ناوەندی بەرەو دەركردنی دراوی دیجیتاڵی هەنگاو دەنێت وەك بەدیلێك بۆ دراوی كاغەز، ئەمەش دەبێتەهۆی بازدانێكی گەورە لە سیستمی پارەدانی دیجیتاڵیی نیشتمانیدا.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم هەنگاوە سودێكی زۆری هەیە، لەوانە كەمكردنەوەی دزەكردنی پارە، كەمكردنەوەی تێچووی چاپكردن، كەمكردنەوەی سووڕانەوەی دراوی كاغەزی لە دەرەوەی سیستمی بانكی، هەروەها كەمكردنەوەی پێویستی بە چاپكردنی پارە بۆ چەندینجار، كە ئەمەش تێچووی پەیوەست بە بەرهەمهێنان و دابەشكردنی كەمدەكاتەوە، ئەمە جگە لە بەرزكردنەوەی شەفافیەت و كۆنترۆڵكردنی رەوتی دارایی و ئەگەری بەدواداچوونی نەختینەیی دیجیتاڵی.

دەشڵێت، هاوکات یارمەتیی باشتركردنی كۆنترۆڵكردنی سەرمایە و گواستنەوەی دەرەكی، هەروەها پاڵپشتیكردنی هەوڵەكانی دژە سپیكردنەوەی پارە دەدات.

مەزهەر محەمەد ساڵی وتیشی، گواستنەوە بۆ دراوی دیجیتاڵی، پێویستیی بە ژێرخانی تەكنیكیی بەهێز هەیە، كە تۆڕەكانی ئینتەرنێتی متمانەپێكراو و پێشكەوتوو لەخۆدەگرێت، هەروەها سیستمی پێشكەوتووی ئاسایشی ئەلیكترۆنی بۆ پاراستنی داتا و مامەڵەكان.

رۆژی 26/2/2025، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی لە کۆنفرانسێکدا رایگەیاند، بەنیازی دروستکردنی دراوێکی دیجیتاڵیی تایبەت بەو بانکەن، بۆ جێگرەوەی دراوی کاغەز.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share