وەزارەتى نەوت وادەى کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێم دیاریکرد

وەزارەتى نەوتى عێراق رۆژى سێشەممەى داهاتووى دیاریکرد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانى هەرێم.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بانگێشتى ئاراستەى کۆمپانیا بیانییەکان کردووە کە لەژێر ناوى (ئەپیکۆر)دا کۆبوونەتەوە و گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستاندا هەیە بۆ پەرەپێدان بە کێڵگە نەوتییەکان.

روونیشیکردەوە، وەزارەت بانگێشتى ئاراستەى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان لە هەرێم کردووە بۆ ئامادەبوون لە بەغداد رۆژى سێشەممەى داهاتوو بەمەبەستى هەڵسەنگاندن و گفتوگۆى پرسە پەیوەندیدارەکان بە گرێبەستەکان بۆ گەیشتنە لێکتێگەیشتنێک لە خزمەت پەرەپێدانى کێڵگە نەوتییەکان بە باشترین رێوشوێنە جیهانییەکان و بەجۆرێک ببێتەمایەى خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان.

دوێنێ حیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، عێراق لە کاتژمێرەکانى داهاتوودا دەستکردن بە پرۆسەکانى هەناردەکردنى نەوتى هەرێم لەڕێگەى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوت “سۆمۆ” و لەڕێى بەندەرى جەیهانى تورکى بە رێژەى سەرەتایى 185 هەزار بەرمیلى رۆژانە کە دواتر بە پلەبەند زیاددەکرێت رادەگەیەنێت.

دواتریش کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە راگەیەندراوێکدا ئامادەیى بۆ سەرلەنوێ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم نیشاندا، بەڵام دەڵێت هیچ رێککەوتنێکى نوێ بۆ هەناردەکردنەکە لە ئەمڕۆدا لەئارادانییە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share