کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە راگەیەندراوێکدا ئامادەیى بۆ سەرلەنوێ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم نیشاندەدات، بەڵام دەڵێت هیچ رێککەوتنێکى نوێ بۆ هەناردەکردنەکە لە ئەمڕۆدا لەئارادانییە.
راگەیەندراوەکە دواى ئەو پەیامەى ئەمڕۆى وەزیرى نەوتى عێراق دێت کە تیایدا بڵاویکردەوە، لە چەند کاتژمێرى داهاتوودا هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان رادەگەیەنن.
ئەپیکۆر لە راگەیەندراوەکەیدا کە لە تۆڕى ئێکس بڵاویکردەوە دەڵێت، وەک چەندین جار روونکراوەتەوە، کۆمپانیاکانی ئەندامی (APIKUR) ئامادەن دەستبەجێ دەست بە هەناردەکردن بکەنەوە هەر کە رێککەوتنی فەرمی کرا بۆ دابینکردنی گەرەنتی پارەدان بۆ هەناردەکردنی رابردوو و داهاتوو، کە لەگەڵ مەرجە یاسایی و بازرگانییە گرێبەستییەکانی ئێستاماندا بگونجێت.
دەشڵێت، تائێستا لەم بارەیەوە هیچ پەیوەندییەک بە کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور نەکراوە و، دووپاتیشیدەکاتەوە، “کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور هیچ رێککەوتنیان نییە کە ببێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ئەمڕۆدا”.
As has been repeatedly made clear, APIKUR member companies remain prepared to immediately resume exports as soon as formal agreements are reached to provide surety of payment for past and future exports consistent with our existing contractual legal and commercial terms. There…
— APIKUR (@apikur_oil) February 28, 2025
کەمێک پێشترى ئەمڕۆ حیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، عێراق لە کاتژمێرەکانى داهاتوودا دەستکردن بە پرۆسەکانى هەناردەکردنى نەوتى هەرێم لەڕێگەى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوت “سۆمۆ” و لەڕێى بەندەرى جەیهانى تورکى بە رێژەى سەرەتایى 185 هەزار بەرمیلى رۆژانە کە دواتر بە پلەبەند زیاددەکرێت رادەگەیەنێت.
باسى لەوەشکرد، زیادکردنى بڕەکە تا ئەو ئاستە دەبێت کە لە بودجەى گشتى دیاریکراوە.