بڕیارێک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە لەبارەی رۆژووشکاندن بە ئاشکرا

وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بۆ مانگی رەمەزان، رۆژووشکاندن بە ئاشکرا لە رۆژدا قەدەغەیە.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتووە و تێیدا هاتووە، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆ داوا لە هەموو لایەک دەکات، رێز لە تایبەتمەندی و پیرۆزیی مانگی رەمەزان بگرن و دەرفەتەکە بقۆزنەوە بۆ بەرزنرخاندنی بەهای رۆژوو و پاراستنی پیرۆزییەکەی.

دەشڵێت، بەتوندی قەدەغەیە کە رۆژووشکاندن بەئاشکرا لە رۆژدا رابگەیەنرێت، بەو پێیەی ئەمە هەستی ئەو کەسانە ئازاردەدات کە بەڕۆژووبوون، تەنانەت ئەگەر ئەم کارە لەلایەن عێراقییە ناموسڵمانەکانیشەوە ئەنجامبدرێت و بەئاشکرا خواردن بخۆن.

وەزیری ناوخۆی عێراق باسلەوەشدەکات، هاوکات فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بە هەموو جۆرەکانیانەوە قەدەغەیە و ئەو دوکانانەشی دەیفرۆشن دادەخرێن، جگە لەوانەی کە لە کاتی رۆژووگرتن و تا کاتی رۆژووشکاندن، بەشێوەیەکی یاسایی لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە رێگەپێدراوە، ئەوکاتە رێگەیان پێدەدرێت تا نوێژی بەیانی بەردەوام بن لە کارەکانیان.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، وەزارەتی ناوخۆ هیوادارە هەموو لایەک پابەندی ئەم بەیاننامەیە بن، هەرکەسێک سەرپێچیی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share