زانایان لە سەرچاوەیەکى نوێوە کارەبا بەرهەمدەهێنن

تیمێکى زانایان لە زانکۆى ویلایەتى ئۆهایۆ توانییان پەرە بە پاترییەکى ئەتۆمیی پێشکەوتوو بدەن کە دەتوانێت پاشماوەى ئەتۆمى بۆ کارەبا بگۆڕێت. ئەمەش بە دەستکەوتێکى گرنگ لە بوارى ئەمبارکردنى وزە دادەنرێت.

تیمى توێژینەوە نمونەیەکى سەرەتایى ئەم پاترییەیان تاقیکردەوە، پاترییەکە تواناى لە کۆکردنەوەی تیشکی ئەتۆمی بۆ بەهێزکردنی مایکرۆچیپەکان نیشاندا، ئەمەش رێگە دەکاتەوە بۆ بەکارهێنانى نوێ لە بوارى بۆشایى ئاسمان و دەریا قوڵەکاندا.

پاترییە نوێیەکە پشتدەبەستێت بە هەڵمژینى تیشکدانەوەى گاماى دەردراو لە وزەى ئەتۆمیى بەکاربراو، دواتریش گۆڕینى بۆ رووناکى لەڕێى بلورەوە، دواتریش ئەم رووناکییە دەگۆڕدرێت بۆ کارەبا لەڕێى خانەى خۆرییەوە.

ریمۆند کاو، پرۆفیسۆرى بوارى ئەندازیاریى میکانیکى و گەردوونى لە زانکۆى ویلایەتى ئۆهایۆ و سەرپەرشتیارى توێژینەوەکە دووپاتیکردەوە، ئەم تەکنیکە گۆڕانێکى گەورەیە لە بەکاربردنى پاشماوە تیشکدەرەکان و وتى، “ئێمە پشت بە شتێک دەبەستین کە بە پاشماوە دادەنرێت، دواتریش دەیگۆڕین بۆ سەرچاوەیەکى وزەى بەنرخ”.

پاترییەکە ماددەى تیشکدەرەوەى تیانییە، بەمەش گونجاوە بۆ دەستلێدان، بەڵام بۆ بەکارهێنانى گشتى دروستناکرێت، بەڵکو زانایان پێشبینى دەکەن زۆر گونجاو بێت بۆ کارپێکردنى سیستمە ئەتۆمییەکان بۆ ئاشکراکردنى بۆشایى ئاسمان و قوڵیى زەریاکان، کە لەو شوێنانە بەکارهێنانى وزەى کلاسیکى ئەستەمە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share