مەحمود مەشهەدانی: لەگەڵ ئەوە نەبووین کێشەی مووچە تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان بکرێت

مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ ئەوە نەبوون کێشەی مووچەی هاوڵاتییانی هەرێم تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان بکرێت.

مەحمود مەشهەدانی لە کۆڕبەندی سیێەمی هەولێر رایگەیاند، کێشەی سەرەکی عێراق ئەوەیە کە تا ئێستا دەناڵێنێت بەدەست کاریگەرییەکانی رووداوەکانی ساڵی 2003، ئێمە بۆ ماوەی 80 ساڵ وڵاتێکمان بنیاتنا و بە چاوتروکاندنێک رووخێندرا، دواتر لە سەرەتاوە دەستمان پێکردەوە و یەکەم هەنگاویشمان لە نووسینەوەی دەستپێکرد.

وتیشی، ئەم خولەی پەرلەمان خراپترین خول بووە، سەرەتا کێشە لەنێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی هەبوو، دواتر کێشەی ئەنبار، پاشتریش تا سەرۆکی پەرلەمانمان هەڵبژارد و ئێستاش ئامادەکاریی دەکەین بۆ هەڵبژاردن.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد مەشهەدانی باسیلەوەکرد، ئەگەر کێشەکانی نێوانیان بە یاسایی بکرێن چارەسەردەکرێن، بەڵام ئەگەر بە سیاسیی بمێننەوە کێشەکان بەردەوام دەبن.

باسیلەوەشکرد، لەگەڵ ئەوە نەبووین کێشەی مووچەی هاوڵاتییانی هەرێم تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان بکرێت، پێویستە بێ هیچ کێشەیەک هاوڵاتییانی هەرێم وەک عێراق مووچەکانیان وەربگرن و هەر کێشەیەکی دیکە لەنێوان هەرێم و فیدڕاڵ هەیە هەردوو حکومەت چارەسەری بکەن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share