کۆنفرانسی دووەمین دیداری یەکێتی لە کۆیە و هەولێر بەڕێوەدەچێت

کۆنفرانسی دووهەمین دیداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوامیی هەیە و ئەم هەفتەیە لە کۆیە و هەولێر بەڕێوەدەچێت.

فەهمی بورهان لێپرسراوی سکرتارییەتی دووەمین دیداری یەکێتی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، دیدار کۆنفرانسی یەکەمی لە موسڵ و دووەمی لە دهۆک ئەنجامدا، کۆنفرانسی سێیەم رۆژی چوارشەممە لە کۆیە دەبێت و ئامادەکارییەکانیشی تەواوبووە، هەروەها رۆژی پێنجشەممە لە شاری هەولێر کۆنفرانسی دیدار بەڕێوەدەچێت، بەهیواین لە کۆنفرانسی کۆیە و هەولێریش زۆرترین گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانە بکرێت کە بۆ دیدارەکە ئامادەکراوە”.

وتیشی، “دیدار لە هەموو شوێنەکان سێ رۆژە، رۆژی یەکەم و دووەم گفتوگۆکردنە لەسەر ئەو پرس و بابەتانەی ئامادەکراوە، رۆژی سێیەمیش گەڕانەوەی راپۆرتەکان یان بیروبۆچوونی ئەندامانی کۆنفرانسی دیدارە لەو ناوچانەدا”.

فەهمی بورهان ئاماژەی بەوەشکرد، “لیژنەکانی کۆنفرانسی موسڵ و دهۆک، راپۆرت و دەرکۆتاییان پێشکەشکردووە و گەیشتووەتە سکرتاریەتی دیداری یەکێتی”.

لێپرسراوی سکرتارییەتی دووەمین دیداری یەکێتی ئەوەشی ئاشکراکرد، لە دیداری یەکەمدا بەشێک لەو ئەرک و ئامانجانەی بۆی بەسرا بەدیهات، دیداری دووەمیش لە کاتێکدا دەبەسرێت کە لە دواین کۆنگرەدا شەرعیەتی کۆنگرە و حزبی وەرگرتووە، بۆیە هەوڵدەدەین لە کۆنفرانسەکان گفتوگۆی جدی بکەین بۆ زیاتر بەهێزکردنی یەکێتی، ئەم دیدارەش کە کاک قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیی دەکات، دیداری ئەمجارەش ئامانجیەتی لەئاست هەموو ئەو پرسانەدا بوەستێت کە بەشێکن لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، هەرێم و عێراق، بۆیە دیدار دەیەوێت بە تێڕوانێکی جیاواز و سیاسەتێکی نوێوە یەکێتی بگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی نوێ”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share