ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرایدەکات، وەزارەتی نەوتی عێراق، لایەنی تورکیای ئاگادارکردووەتەوە لە رێککەوتنیان لەگەڵ هەرێم سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت.
ئاسۆ فەرەیدوون، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، هەرێم 300 هەزار بەرمیل نەوتی ئامادەی هەیە بۆ هەناردەکردن و پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتیش، بە 185 هەزار بەرمیل دەستپێدەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد، لەو 185 هەزار بەرمیلە، 46 هەزاریان دیاریکردووە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێم.
وتیشی، حکومەتی هەرێم 69 هەزار بەرمیلی داواکردووە بۆ پێدانی شایستەی دارایی کۆمپانیای سەرپەرشتیار، بەڵام تائێستا لەگەڵ بەغداد لەسەر ئەم خاڵە رێکنەکەوتوون و دانوستانی زیاتری لەسەر دەکرێت.
ئاسۆ فەرەیدوون ئەوەشی ئاشکراکرد، دوێنێ یەکشەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق بە نامەیەک، دەوڵەتی تورکیای لە رێککەوتنی لەگەڵ هەرێم لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێی کۆمپانیای سۆمۆوە ئاگادارکردووەتەوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز دەڵێت، تا ئەوکاتەی رێککەوتن لەگەڵ تورکیادا ئەنجامدەدرێت، هەرێم ئەو 185 هەزار بەرمیل نەوتە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی بەکاردەهێنێت و لەئێستاشدا، کۆمپانیای نەوتی باکوور نوێنەری ناردووە بۆ زاخۆ، تا چاودێریی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت بکات.
راشیگەیاند، “لەڕووی هونەرییەوە، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کاتی ماوە، بەڵام رێککەوتن کراوە کە نەوتەکە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت”.