وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، “داوای زیادکردنی میلاک و تەرخانی داراییمان بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست لە بەغداد کردووە”.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارای و ئابوریی هەرێم رایگەیاند، “لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق داوای زیادکردنی میلاک و تەرخانی داراییمان بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست کردووە و چاوەڕوانین لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر ئەو بابەتانە بگەین بە چارەسەرێکی گونجاو”.
سەبارەت بە گۆڕینی ناونیشانی ئەو فەرمانبەرانە لە گرێبەستی پەرەپێدانەوە بۆ گرێبەستی ئاسایی لەسەر وەزارەتی دارایی، ئاوات شێخ جەناب، رایگەیاند، “وەک وەزارەتی دارایی رەزامەندین لەسەر گۆڕینی ناونیشانەکانیان لە گرێبەستی پەرەپێدانەوە بۆ گرێبەستی ئاسایی لەسەر وەزارەتی دارایی”.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم، وتەکانی ئاوات شێخ جەناب لە میانەی کۆبوونەوەیەکیدا بووە لەگەڵ نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست کە ئەمڕۆ یەکشەممە بەڕێوەچووە.