قوباد تاڵەبانی: بەبێ بوونی داتا حکومڕانیی دروست بوونی نییە

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەبێ بوونی داتا حکومڕانیی دروست بوونی نییە، حکومڕانییەکی هەڕەمەکییە.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دووەمین کۆنفرانسی مید بۆ گەشەپێدانی ناوچەیی رایگەیاند، “لەم وڵاتەدا دنیایەک کێشە و قەیران و گرفت هەیە، بەشی زۆری ئەم گرفتانە هەر هەبوون و گوێمان پێنەداون، بەڵام کە باسی ئەم گرفتانە دەکرێت، کەس هەیە چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە؟”.

وتیشی، ئەمڕۆ شەڕ و کێبڕکێیەکی گەورە هەیە لە جیهاندا لەسەر داتا، کێ داتای وردتر، زۆرتر و زانستییانەتری هەبێت، براوەی رکابەرییەکانە لە هەموو بوارەکاندا.

ئاماژەی بەوەشکرد، “زۆریک لە پسپۆڕانی بواری داتا لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای زەوی، باس لە دەستپێکردنی شەڕی جیهانیی سێیەم دەکەن، ئەمە شەڕی چەک و تەقەمەن و تانک نییە، شەڕی داتایە، بەڵام ئەم داتایە کە هێندە گرنگە، بۆ ئێمە نیمانە؟”.

قوباد تاڵەبانی لەبارەی هۆکاری ئەم پرسەوە رایگەیاند، ئێمە هێشتا بەجددی لە گرنگیی داتا تێنەگەیشتووین، بەبێ بوونی داتا حکومڕانیی دروست بوونی نییە، حکومڕانییەکی هەڕەمەکییە، رەنگە ئەمڕۆ پرۆژەیەکی گەورە بکەین و پارەیەکی زۆری بۆ تەرخانبکەین، بەڵام دوای 10 بۆ 20 ساڵی تر بۆمان دەربکەوێت خودی پرۆژەکە شکستیهێناوە و بووەتە کێشە، چونکە لەکاتی پلاندانان بۆ پرۆژەکە، ئەگەر داتا نەبێت ناتوانیت پێشبینی بکەیت 10 بۆ 20 ساڵی تر پێویستییەکانی شارێکی وەک سلێمانی چی دەبێت؟”.

جێگری سەرۆک وەزیران باسیلەوەکرد، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە چەند خاڵێک جێبەجێبکەین:

1- دەبێت هەموومان دەستمان بگات بەو داتایەنەی کە لە شوێنی جۆراوجۆر بوونیان هەیە، حکومەت، کەرتی تایبەت، زاکۆکان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان داتایان لایە، بەڵام گەر ئێمە و کۆمەڵگە دەستمان نەگات بەو داتایە، سوودی نابێت، بۆیە دەبێت داوا لە پسپۆڕان بکەین، ئیش لەسەر داڕشتنی یاسایەک بکەن بەناوی (یاسای پاراستنی داتا)؛ هەرکاتێک بووینە خاوەنی ئەم یاسایە و توانیمان تایبەتمەندیی هاوڵاتییان بپارێزین، ئەوکاتە ئێمە دەتوانین پلانی درێژخایەنمان هەبێت بۆ حکومڕانیی وڵات.

2- ژێرخانی فیزیکی و مرۆیی/ پێویستە بەزووترین کات ژمارەی سەنتەری داتاکانمان لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان زیادبکەین، بۆئەوەی بتوانرێت داتاکانی تێدا کۆبکرێتەوە، لەڕێی زانکۆ و پەیمانگەکانیشمانەوە راهێنانی خێرا بکەین، بۆئەوەی هێزێکی تۆکمە لە گەنجان دروستبکەین کە توانای کۆکردنەوەی داتا، شیکردنەوە، دروستکردن و بەکارهێنانی ئەو داتایانەیان هەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

عومەر گوڵپی: بودجە بەم شێوەیە پەسەندبكرێت لە سێ ساڵدا تەواوی پاشەكەوتی مووچە دەدرێتەوە

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجە بەم میكانیزمەی ئێستا پەسەندبكرێت كە رێژەی 10%ی گەڕاندنەوەی…
Total
0
Share