سەرۆکى یەکێتى رایدەگەیەنێت، پێویستە گەلى کورد بەشداریی راستەقینە بکات لە بنیادنانەوەی سوریادا و نابێت پەراوێزبخرێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، نابێت گەلی کورد پەراوێزبخرێت و پێویستە بەشداریی راستەقینە بکات لە بنیادنانەوەی سوریادا و هەر هەوڵێکیش لە دەرەوەی ئەم ویستە بە زیان بۆ وڵاتەکە دەشکێتەوە.
هەروەک دووپاتی لە پاراستنی مافی هەموولایەک لە چوارچێوەی دەستوورێکی نوێدا کردەوە کە ببێتە مایەی ئارامی و کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکان.
ئەو وتانەى سەرۆکى یەکێتى ئەمڕۆ لە دەباشان لەمیانەى پێشوازیکردنیدا بوو لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق.
هەر لە دیدارەکەدا بەهۆی کۆتاییهاتن بە ئەرکەکەی لە عێراق، بافڵ جەلال تاڵەبانى هیوای سەرکەوتنی بۆ ستیڤن هیچن لە ئەرکی داهاتوویدا خواست و پابەندبوونی یەکێتی دووپاتکردەوە بە پەرەپێدانی بەها هاوبەشەکان لەگەڵ بەریتانیادا بە شێوەیەک ببێتە مایەی بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

