لە دوو رۆژدا زیاتر لە 150 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست رزگارکراون

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، رۆژانی چوارشەمە و پێنجشەمەی هەفتەی رابردوو، پۆلیسی کەناراوکانی ئیتاڵیا توانیان 156 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست رزگاربکەن.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەزگای لوتکە، “یەکەم ئۆپەراسیۆن لە رۆژی چوارشەممە 19ی شوباتی 2025 لەلایەن کەشتییەکی گەشتیاری ئەنجامدرا، ئەم ئۆپەراسیۆنە بووە هۆی رزگارکردنی 52 کەس کە شەشیان ژن بوون و یەکێکیان دووگیان بوو، گەڕان بەدوای ئەم بەلەمەدا بۆ ماوەی رۆژێکی تەواو بەردەوامبوو”.

باس لەوەشدەکات، “نزیکەی کاتژمێر 9:30 خولەکی پاشنیوەڕۆ، کەشتیی دووەم ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن ئەنجامدرا 64 کەس رزگارکران کە پێنج ژن و منداڵێکی تەمەن سێ ساڵانی تێدابوو، هەموو کۆچبەرەکان لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا چاودێریدەکرێن”.

هەروەها ئەوەش دەڵێت، “کەشتیی فریاگوزاریی رێکخراوی مرۆڤایەتیی ئێس ئۆ ئێس توانی زیاتر لە 40 کەس کە لە بەلەمێکی لاستیکیی نەشایستەی دەریادا بوون لە شەوی چوارشەممە تاوەکو پێنجشەممە 19لەسەر 20ی شوبات رزگاربکات”.

دەزگای لوتکە ئەوەش دەخاتەڕوو، “بەشێک لەو کۆچبەرانە کە رزگارکراون لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا پێشوازییان لێکرا، بەشێکی دیکەشیان بەرەو بەندەری سیڤیتاڤێکیا لە ئیتاڵیا بەڕێکەوتن کە چەندین نەتەوەی جیاوازی تێدابووە، بە پلەی یەکەم هاوڵاتییانی وڵاتی ئەفریقا دێن”.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share