ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەربارەی کارەبای 24 کاتژمێری رایگەیاند، “ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ خانوویەکی ئاسایی هاتووەتەوە، لە نێوان 130 تا 160 هەزار دیناردا بووە، ئەمەش هاوڵاتییان دووجار دەکات بە کرێچی”.
عومەر گوڵپی، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، هاوڵاتییان چاوەڕوان بوون بە نرخی کارەبای حکومی بنە خاوەن کارەبای 24 کاتژمێری، بەڵام ئەوەی وەزارەتی کارەبا لە چەند گەڕەکێکی هەولێر ئەنجامیداوە، ئەوەیە حکومەت لەبری مۆلیدە پارەکە بۆخۆی هەڵدەگرێت.
دەشڵێت، “ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ خانوویەکی ئاسایی هاتووەتەوە، لە نێوان 130 تا 160 هەزار دیناردا بووە، هەندێک خانووی دیکەش بڕی 250 هەزار دینار یان زیاترییان لەمانگەکەدا بۆ هاتووەتەوە، ئەمەش هاوڵاتییان دووجار دەکات بە کرێچی”.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم نرخە زۆرەی کارەبای 24 کاتژمێری لەکاتێکدایە، پڕۆسەی کارەبا بە گازی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێندرێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمە ستەم و سەرپێچییەکی ڕوونی دەستوری و یاساییە، پێویستە رابگیرێت و حکومەت بچێتەوە سەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و دەتوانێت بە دابینکردنی گازی زیاتر بۆ وێستگەکانی کارەبا، کارەبای بەردەوام بەرهەمبهێنرێت، لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی سەرپێچی و زیادەڕەویکردن.