دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی قۆناغێکی نوێ لە مێژووی تورکیادا

کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، قۆناغێکی نوێ لە مێژووی تورکیا بە دەستپێکردنەوەی هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە تورکیا هاتەکایەوە.

لە 28 ی کانوونی یەکەمی 2024 وەفدێکی دەم پارتی کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان و سرى سورەیا ئۆندەر گەیشتنە دورگەی ئیمڕاڵی و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبوونەوە.

ئامانج لە کۆبوونەوەکە دەستپێکردنەوەی قۆناغێکی نوێی پرۆسەی ئاشتی بوو لە تورکیا و باکووری کوردستاندا.

عەبدوڵا ئۆجەلان لە 15 ی شوباتی ساڵی 1999 لە وڵاتی کینیا دەستگیرکرا و گەڕێندرایەوە تورکیا و لەو کاتەوە هەتا ئێستا لە دورگەی ئیمڕاڵی لە زینداندا ماوەتەوە.

لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەفدەکەی دەم پارتی ئۆجەلان جگە لە جەختکردنەوە لە “برایەتی کورد و تورک” رایگەیاند، “بۆ بەهێزکردنی پرۆسەی ئاشتی پێویستە هەموو بازنە سیاسییەکان لە تورکیا دەستپێشخەریی بکەن هەنگاوی بونیادنەرانە بنێن”.

لەدوای ئەم کۆبوونەوەیە وەفدەکەی دەم پارتی پەیامەکەی ئۆجەلانیان گەیاندە لایەنە سیاسییەکانی تورکیا و سەرجەمیان پاڵپشتیی خۆیان بۆ پرۆسەکە دەربڕی.

کۆبوونەوەکانی ئیمڕاڵی بەم شێوەیە کۆتایی نەهاتن و وەفدەکە جارێکی دیکە لە 22 ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ گەڕانەوە لای ئۆجەلان و دوای کۆبوونەوەیەکی چوار کاتژمێری لە راگەیەندراوێکدا جەخت لە بەردەوامی کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بە پرسی ئاشتی لە وڵاتەکە کرایەوە و ئەمجارە کۆبوونەوەکان گەیشتنە پارچەکانی دیکەی کوردستان.

شەممەی رابردوو 15 ی شوبات وەفدێکی دەم پارتی بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان و سری سورەییا ئوندەر گەیشتنە شاری هەولێر و دوای ئەنجامدانی چەند کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەممە وەفدەکە گەیشتنە دەباشان و لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، “پشتگیری و پشتیوانی لەهەر دەستپێشخەرییەک دەکەین کە مافی گەلەکەمان لە تورکیا دەپارێزێت و وەک یەکێتیش هاریکاریی سەرخستنی ئەم هەوڵە مێژووییە دەبین کە بەردی بناغەکەی لە ساڵی (1993) سەرۆک مام جەلال داینا”.

لە ئێستادا وەفدەکەی دەم پارتی لە هەرێمی کوردستان ماونەتەوە و بڕیارە دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکانیان بگەڕێنەوە و پەیامەکانی باشووری کوردستان بگەیەننەوە ئیمڕاڵی.

هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە تورکیا نوێ نین لە رابردوودا و بە دیاریکراوی بۆ ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێنەوە، ئەمەش بە چەند قۆناغێکی جیاواز، بەڵام بە درێژایی ئەو مێژووە توانراوە چەندین جار شەڕ و پێکدادانی چەکداری رابوەستێنرێن، بەڵام هیچ کامیان نەیانتوانیی ئاشتییەکی درێژخایەن بۆ تورکیا و باکووری کوردستان بگەڕێننەوە.

لەگەڵ ئەوەی ئەم دەستپێشخەرییەی دەم پارتی و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بە گرنگ هەژماردەکرێت و چاوەڕێدەکرێت ئەنجامێکی هەبێت، بەڵام بە پرۆسەیەکی ئاڵۆز و پڕ لە ئاڵنگاریی هەژماردەکرێت، بە تایبەت بەهۆی ئەو دۆخەی لە رۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share