کەشناسیی هەرێم: شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێم دەگرێتەوە

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێم، بۆ 48 کاتژمێری داهاتووی ناوچەکانی هەرێم، شەپۆلێکی بەفر و باران ناوچەکە دەگرێتەوە و پلەی گەرمی نزمدەبێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی شارەکانی هەرێم خستەڕوو و رایگەیاند، ئاسمان نیمچە هەوردەبێت و لە ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواوەتی.

دەشڵێت، شەپۆلێکی بارانبارین دەستپێدەکات و لە سنوورى ڕۆژئاواى هەرێم و پارێزگاى دهۆک و بەشیک لە ناوچە شاخاوییەکان بەفربارین بەرێژەی کەم دەستپێدەکات.

ئاماژەی بەوەشداوە، پلەی گەرمی بەراورد بە پلەی تۆمارکراوی دوێنێ، چەند پلەیەک نزمدەبێتەوە، هەروەها نزمترین پلەی گەرمی لە حاجی ئۆمەران دەبێت بە 6 پلەی سیلیزی و بەرزترین پلەی گەرمیش لە گەرمیان دەبێت بە 14 پلەی سیلیزی.

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ ئەوەش خراوەتەڕوو، شەپۆلێکی بارانبارین سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە و کەشوهەوا هەور و باراناوى دەبێت، هەروەها بەفربارین لە ناوچە سنوورییەکاندا دەستپێدەکات، پلەی گەرمیش بەراورد بە پلەی تۆمارکراوی ئەمڕۆ (دوو بۆ چوار) پلە نزم دەبێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share