فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، دوای رێگرییەکەی دوێنێ لە جوتیارانی کورد لە سنووری کەرکوک، سەرۆکی حکومەت و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بڕیارێکی دەرکرد.
فەرماندەییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەدواداچوونی بۆ بارودۆخی ئەو رووداوە کردووە کە دوێنێ لە سنووری پارێزگای کەرکوک روویدا، کە رێگریکردن بوو لە جوتیاران بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان.
ئەوەش هاتووە، سودانی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی راسپاردووە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ئەم رووداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “سودانی فەرمانی ناردنی بریکاری وەزیری داد بۆ پارێزگای کەرکوک کرد بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست سەبارەت بەو زەوییانە”. هاوکات داواشی لە هێزەکانی سوپای عێراق، ناوخۆ، پێشمەرگە، هێزەکانی کۆکردنەوەی جەماوەری، دەزگا ئەمنییەکان و هەواڵگرییەکان کردووە، پابەندی یاسا و رێنماییەکان بن، ژیرانە و نیشتمانپەروەرانە مامەڵەبکەن.
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جەختیشی لەوەکردەوە، کە پێویستە هەموو لایەنەکان و هێزە سیاسییەکان ئەولەویەت بدەن بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان و پابەندبن بە یاسا و دەستوور.
دوێنێ دووشەممە هێزێکی سەر بە سوپای عێراق هەڵیکوتایە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی جوتیارانی کورد لە ناحیەی سەرگەڕان و رێگریی کارکردنیان لێکردن و داوایان لێکردن زەوییەکانیان چۆڵبکەن. ئەم رووداوە کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.