وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیى عێراق رایدەگەیەنێت، نزیکەى دوو تریلیۆن و 500 ملیار دینار لە بانکى رافیدەین لەسەر حیسابی سندوقی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەرهێنراوە.
ئەحمەد ئەسەدى، وەزیرى کار و کاروکاروبارى کۆمەڵایەتیى عێراق رایگەیاند، سندوقی چاودێريی کۆمەڵایەتی کە سەرمایەکەی لە وەبەرهێنان یان پشکی سندوقەکە لە قازانجی کۆمپانیاکانەوە دێت، دوو تریلیۆن و 500 ملیارى دیناری تێدابووە، وەزارەت پلانی دانابوو لە قازانجى پارەکە مووچەى چاودێریى کۆمەڵایەتى دابینبکات، لەبری ئەوەی پشت بە گەنجینەی دەوڵەت ببەستێت.
ئاماژەی بەوەشدا، “دوو مانگ لەمەوبەر چوومە سندوقەکە و تووشی شۆک بووم، کە بینیم هەموو پارەکە بەبێ ئاگاداریی ئێمە راکێشراوە بۆ ئەم مەبەستەش، سکاڵامان تۆمارکردووە”.
لای خۆیشیەوە، بانکی رافیدەین وەڵامی لێدوانەکەی ئەحمەد ئەسەدیی دایەوە و باسی لەوەکرد، هیچ ئاماژە و ئاگادارکردنەوەیەکیان لەلایەن وەزارەتی کارەوە بەدەستنەگەیشتووە لەبارەى سکاڵاى یاسایى لە دژى بانکەکە یاخود هەر لایەنێکى پەیوەندیدار و لێدوانەکەشی بە “نادروست” لەقەڵەمداوە.