وەزارەتی ناوخۆ کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردن ئاگاداردەکاتەوە

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم ئاگادارییەکی بۆ کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردن (دێلیڤەری) بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، پێویستە جێبەجێبکرێن.

لە ئاگادارییەکەی وەزارەتی ناوخۆدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 13/2/2025 دەرکراوە و واژۆی هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتەکەی لەسەرە، بە پێنج خاڵ، ئەو کۆمپانیایانە ئاگادارکراونەتەوە، کە ئەمانەن:

1- پابەندکردنی ماتۆڕسوارانی گەیاندنی خواردن بە تۆمارکردنی ماتۆڕەکانیان و دەرهێنانی مۆڵەتی ماتۆڕسواری لە ماوەی شەش مانگ لە دەرچوونی ئەم نووسراوە.

2- ئەو ماتۆڕسوارانەی لە ماوەی رابردوودا بێ تابلۆ و تۆمارکردن کاریانکردووە و سەرپێچییان کردووە، بەرپرسیاریەتی دەکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیاکانیان، رەزامەندین لە ماوەیەک درێژتر نەبێت لە 31/12/2025، بە شێوەی ‘قیست’، سزا داراییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ یەکلایی بکەنەوە.

3- پێویستە کۆمپانیاکان پابەندبن بە رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان، هەر بیانییەکیش لەو کۆمپانیایانە کاربکات، پێویستە نشینگەی هەرێمی کوردستان، مۆڵەتی ماتۆڕسوارییان هەبێت و هیچ کارمەندێکیش نابێت پێشینەی تاوانی هەبێت.

4- بۆ رەچاوکردنی میزاجی هاوڵاتییان، پێویستە هەوڵبدرێت ماتۆڕی کارەبایی و بێدەنگ بۆ ناو شار بەکاربهێندرێت و بێزارکەر نەبن.

5- بۆ سەلامەتیی گیانی خۆیان، پێویستە ماتۆڕسوارەکان پابەندبن بە لەسەرکردنی کڵاو و پۆشینی جلوبەرگی تایبەت. هەروەها هەر کۆمپانیایەک پێویستە جلوبەرگی تایبەت بە خۆی هەبێت و ماتۆڕسوارەکانیش باجی تایبەتی خۆیان بە ناوی سیانی و کۆدی کارکردنی کۆمپانیاکەوە لە یەخەیان درابێت. هاوکات پێویستیشە ماتۆڕسواران پابەندی رێنمایی و یاساکانی لێخوڕینی سەلامەت بن و گیانی خۆیان و کەسانی دیکەش نەخەنە مەترسییەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لەبارەی شەپۆلێکی بەهێزی تەرزەبارین هۆشداری بە هاوڵاتییان دەدرێت

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران داوا لە هاوڵاتییانی سنوورەکە دەکات وەک ئامادەکاریی بۆ هاتنی شەپۆلێکی تەرزەبارین ئۆتۆمبێلەکانیان دابپۆشن. بەڕێوەبەرایەتیی…
Total
0
Share