شاڵاو هیدایەت، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، بۆ سبەی هەینی، خۆتان بۆ شەڕە بەفر و وێنەگرتن ئامادە بکەن، بەفر لە 900 مەتر بەرەوژوور لەئاست رووی دەریاوە ناوچەکان سپیپۆش دەکات.
شاڵاو هیدایەت لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئێستا شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین بەشێکی بادینانی گرتووەتەوە و بە تێپەڕبوونی کات، هەور زیاتر دێتە ناوچەکە و شەپۆلەکە زیاتر داخڵ دەبێت، کاتەکانی ئێوارە و شەو، بە تایبەت تا نیوەشەو، زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە.
دەشڵێت، زۆرترین کاریگەریی ئەم شەپۆلە، ئەمشەو و سبەی هەینی دەبێت.
ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی باسیلەوەشکردووە، سبەی لە کاتەکانی ئێواره بۆ شەو، بەتەواوی شەپۆلەکە کۆتایی دێت و سبەی شەو و ڕۆژی شەممە، کەش لە هەموو ناوچەکان سەقامگیر دەبێتەوە.
لەبارەی سبەی هەینییەوە، ناوبراو ئەوەیخستووەتەڕوو، “بۆ سبەی هەینی خۆتان ئامادەبکەن بۆ ناوچە شاخاوییەکان بۆ شەڕە بەفر و وێنەگرتن، بەفر لە 900 مەتر بۆ سەرەوە لەئاست رووی دەریاوە ناوچەکان سپیپۆش دەکات”.
نوسیویشیەتی، ئەم شەپۆلە بۆ زۆرینەی ناوچەکان بارانی پێویست و باشی پێوەیە، جگە لە باشور و ناوەڕاستی گەرمیان، کە کاریگەریی لەسەریان لاوازە، بۆ ناوچە شاخاوییەکانیش، بە شارۆچکە و دێهاتەکانیانەوە، ئەگەری بەفری مامناوەند بۆ باش هەیە.