130 ساڵ بەسەر داهێنانی رادیۆدا تێدەپەڕێت

رۆژی 13ـی مانگی شوباتی هەموو ساڵێک، بە رۆژی جیهانیی رادیۆ دەستنیشانکراوە، ئەمڕۆش 130 ساڵ بەسەر داهێنانی رادیۆدا تێدەپەڕێت، سەرهەڵدان و دروستبوونی رادیۆ، بەیەکێک لە هەنگاوە مێژوویی و گرنگەکانی دونیای تەکنەلۆجی بە گشتی و بواری راگەیاندن بەتایبەتی دادەندرێت، شارەزایان و پسپۆرانی بواری راگەیاندن سەرهەڵدانی رادیۆ بە قۆناغێکی جیاواز و پێشکەوتوو هەلدەسەنگێنن، کە لە کات و سەردەمی خۆیدا بوارەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێشبردووە و رۆڵێکی گرنگی لە گواستنەوە و بڵاوکردنەوەی پەیامە میدیاییەکاندا بینیوە.

مێژووی دروستبوونی رادیۆ:

بەشێکی زۆری سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژەیان بەوەداوە، لەساڵی 1895دا، یەکەم هەنگاو بۆ دروستبوونی رادیۆ، (ئولیانۆ مارکۆنی) ئەندازیاری ئیتاڵی، جێبەجێیکرد. کاتێک یەکەم سیستەمی پەیوەندییکردنی بێتەلی دروستکرد کە لەرێگایەوە دەیتوانی پەیامەکان لە دوورییەکی زۆرەوە ئاراستەبکات، کە دواتر ئەم ئەم داھێنانە بووە بناغەیەکی بەهێزی تەکنەلۆجیای ڕادیۆی مۆدێرن.

هاوکات، دروستکردن و داهێنانی رادیۆ بەتەنها لەلایەن یەک کەسی دیاریکراوەوە کاری لەسەر نەکراوە، یەکێکی دیکە لەو کەسانەی کاری لەسەر کردووە بریتییە لە نیکۆلا تێسلا، ئەندازیاری میکانیکیی، کە توانی لە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای ڕادیۆدا بەشداریبکات و داهێنانەکە زیاتر پەرەپێبدات.

دروستبوونی رادیۆ کۆمەڵێک قۆناغی جیاوازی بەخۆیەوە بینیوە، لەوانە: قۆناغی سەرەتایی کە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە دەگرێتەوە، قۆناغی سەدەی بیستەم، لەم قۆناغەدا داهێنانی رادیۆ بەشیوەیەکی فراوانتر لە جیهاندا بڵاوبووەوە و گەشەی کرد وەک چۆن لە ساڵی 1920 یەکەم  وێستگەی ڕادیۆیی بازرگانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دامەزرا، کە بووە هۆی بەربڵاوبوونی ڕادیۆ بەشێوەیەکی زیاتر. هەروەها، قۆناغی مۆدێرن، کە رادیۆ بەشێوەیەکی زیاتر لە بواری راگەیاندن و رێکلام و گەیاندنی پەیامی میدیاییدا پشتی پێبەستراو چەندین جۆری رادیۆی تایبەتمەند دروستبوو وەک رادیۆی: (هونەری، بازرگانیی، وەرزشی،موزیکی) هتد..

رادیۆ لە کوردستاندا:

بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، رادیۆ لە هەرێمی کوردستاندا رۆڵێکی گرنگی لە هەڵگیرساندنی شۆڕش و بزوتنەوە رزگاریخوارەکانی کوردستاندا گێڕاوە و بووەتە هۆی گەیاندن و گواستنەوەی پەیامەکانی شۆڕش بە هاوڵاتییان.

هاوکات، بەپێی سەرچاوە کوردییەکان، یەکەمین رادیۆی کوردی لە ساڵی 1939لە بەغداد دامەزراوە. ئێزگەی دووەم بەزمانی كوردی (رادیۆی ڕۆهەڵات) لە 5ی ئازاری 1941 لەبەیروت‌ دامەزراوە و ئێزگەی سێیەمی كوردیش لەئابی 1942 لە (فەلەستین) دامەزراوە.

دوای دوو ساڵیش، لەدەستپێكردنی شۆڕشی ئەیلول و هەڵگیرساندنی جەنگ، بەژمارەیەك ئامێری سەرەتاییەوە ڕادیۆی دەنگی كوردستان لەساڵی 1963دا لەناوچەی باڵەكایەتی دەستی بەپەخشی خۆی كرد.

هەرچەندە، لەگەڵ دەرکەوتنی تەکنەلۆجیای نوێ، وەک ئینتەرنێت، مۆبایل، ژیریی دەستکرد، هتد.. ڕۆڵی ڕادیۆ کەمتر بووەتەوە، بەڵام تا ئەمڕۆ وەک یەکێک لە گرنگترین ڕێگاکانی پەیوەندکردن و گواستنەوەی پەیامەکانی راگەیاندن ماوەتەوە و کەم تا زۆر بەکارهێنانی لە سەرانسەری جیهاندا بەردەوامە.

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

قوباد تاڵەبانی: كۆماندۆی كوردستان بوونەتە جێگەی متمانەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، كۆماندۆی كوردستان بوونەتە جێگەی متمانەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان. راگەیاندنی فەرماندەیی كۆماندۆی كوردستان بڵاویكردووەتەوە،…
Total
0
Share