دەکرێت شارێک یان وڵاتێک بفرۆشرێت؟

لە دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا، پرسی کڕینەوەی چەند شوێنێک بووەتە باسی میدیاکان.

پێش چەند رۆژێک لە دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کە کەنەدا و گرینلاند دەکڕنەوە و دواتر و دوای دەستبەکاربوونیشی وێڕای جەختکردنەوە لەو بۆچوون و هەوڵی کڕینەوەی کەرتی غەززەشی زیادکرد.

لە راستیدا هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ هێندەش تازەنین وەک باسدەکرێت، بەڵکو لە ساڵی 2019 وئەو کاتەی سەرۆک بوو، هەمان بابەتی هێنایەوە بەرباس.

لەگەڵ هەموو لێدوانەکانی ترەمپ، تەنها وەڵامێک لە بەرپرسانی ئەو شوێنانەوە درایەوە ئەوەبوو “خاکەکانمان بۆ فرۆشتن نییە”.

هەرچەندە ئەم پێشنیار و لێدوانانەی ترەمپ لە زۆرێک لە میدیاکان لێکدانەوەی جیاوازی بۆکرا و بەشێک بە شتێکی مەحاڵیان ناوبردبوو، بەڵام لە راستیدا هێندەش مەحاڵ نین، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە مێژوودا رووداوی هاوشێوە روویداوە.

لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا چەند گرێبەستێکی کڕینی چەند خاکێک واژۆ کراون و ئێستا ئەو خاکانە بەشێکن لە وڵاتەکە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەرەتای سەدەی نۆزدە و بە دیاریکراوی لە ساڵی 1803 لویزیانای کڕی و کردی بە ویلایەتێکی وڵاتەکەی، دواتر و لە ساڵی 1867 ئالاسکای لە قەیسەری ئەو کاتی رووسیا کڕی جگە لەوەش لە ساڵی 1917 دورگەی ڤیرگنی لە دانیمارک کڕی.

لە ساڵی 1946 و لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی هاری ترومان کە سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا بوو بە نهێنی پێشنیارێکی کڕینەوەی دورگەی گرینلاندی پێشکەش بە دانیمارک کرد.

جگە لە کڕینەوەی زەوی لە وڵاتان بەخشینی یان پێدانی زەوی لەنێوان وڵاتاندا هەیە، هەر وەک چۆن وڵاتی کوبا گوانتانامۆی دا بە ئەمریکا تا بتوانێت زیندانی گوانتانامۆی تێدا بونیادبنێت، ئەمە جگە لە چەندین نموونەی دیکە لە وڵاتانی جیهاندا.

لەگەڵ ئەوەی کڕینەوەی زەوی، پێدانی زەوی لەلایەن وڵاتێکەوە لە وڵاتێکی تردا چەندین نموونەی دووبارەبووەوەی هەیە، بەڵام لە یاسای نێودەوڵەتیدا هیچ بنەمایەک یاخود رێکەوتنێک نییە بۆ رێکخستنی ئەو گرێبەستانە لە جیهاندا.

بەرای شارەزایانی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ کەمی دووبارەبوونەوەی حاڵەتەکانی فرۆشتنی خاکی وڵاتێک بە وڵاتێکی دیکە، دەکرێت سوودێکی دوو لایەنە بە هەردوو لایەنی گرێبەست بگەیەنێت، بە شێوەیەک ئەو وڵاتەی کە بڕیاری فرۆشتنی خاکەکەی یان بەشێک لە خاکەکەی دەدات خۆی لە قەیرانێکی دارایی یان هەڕەشەی دەرەکی رزگاردەکات، هاوکات وڵاتی کڕیاریش سوودی زۆر لە سامانە سروشتییەکانی ئەو وڵاتە و ئەنجامدانی وەبەرهێنان تێیدا دەبینێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

له‌سه‌ر دۆخى ئۆكرانیا پوتین په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا و ڕاوێژكارى ئه‌ڵمانیا ده‌كات

سه‌رۆكی ڕوسیا په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنى له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا و ڕاوێژكارى ئه‌ڵمانیا ئه‌نجامدا و دۆخی ئۆكرانیایان تاوتوێكرد. كۆشكى…
Total
0
Share