جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، بەپێی ئەو رێککەوتنانەی لەگەڵ بەغداد هەیە، بۆ ساڵی 2025 کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، “ئەو پرسەی زۆرترین کاتی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی گرتبوو، پرسی مووچە بوو”.
وتیشی، بەپێی ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا هەمانە، پێموایە بۆ ساڵی 2025 کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا، “ئێستا زۆر بە وردی چووینەتە ناو کێشەکانەوە و زۆریش لەو لێکتێنەگەیشتنانەی هەبووە لەنێوانمان چارەسەرمان کردوون. زۆریش لەو پرسیارانەی حکومەتی عێراق هەیبوون بە زیادەوە وەڵاممان داوەتەوە و ئەو بیانووانەشی لەبەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆران هەبووە، چارەسەرمان کردوون”.
قوباد تاڵەبانی جەختیشیکردەوە کە گەشبینە بەوەی ئیتر پرسی مووچە کۆتایی پێبێت و دەشڵێت، “ئەوکاتە دەرفەتمان دەبێت چەندین پرسی تری گەورەی نیشتیمانی چارەسەر بکەین”.