هەناردەکردنەوەی پەلەوەر نرخی مریشک لە هەرێم بەرزدەکاتەوە

هەناردەکردنی پەلەوەر لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ شارەکانی عێراق دەستپێدەکاتەوە و سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانیش دەڵێت “پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی پەلەوەر بەرێژەیەکی کەم دەکەین”.

نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێم، لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا رایگەیاند، لە رۆژانی داهاتوودا هەناردەکردنەوەی پەلەوەر بۆ شارەکانی عێراق دەستپێدەکاتەوە و بڕیارەکە کاریگەری لەسەر هاوڵاتییان دەبێت، چونکە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 500 هەزار هەلی کاری دابینکردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، “پێشبینی دەکەین نرخی مریشک بەرێژەیەکی کەم بەرزبێتەوە و بەراورد بە نرخی ئێستای 100 بۆ 200 دینار نرخەکەی زیادبکات، بەهۆی ئەو زەرەر و زیانەی لەماوەی رابردوودا خاوەن کێڵگەکانی پەلەوەر رووبەرووی بوونەتەوە”.

لە ماوەی رابردوودا، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕیاریدا بە راگرتنی هاوردەی پەلەوەری هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی عێراق، بەهۆی گومانکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی پەلەوەریی لەنێویاندا، ئەمڕۆش بڕیاردرا بە هاوردەکردنەوەی پەلەوەری هەرێم بۆ شارەکانی عێراق و لە سبەینێوە دەستپیدەکاتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share