لە گوندی باسەڕێ لە شارەدێی خدرانی سەر بە شارۆچکەی دوکان ژمارەیەک پاشماوەی جەنگی لەناوبران.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی سلێمانی، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ” لەلایەن ئەنجومەنی گوندی باسەڕێ لە شارەدێی خدرانی سەر بە شارۆچکەی دوکان، پەیوەندیمان پێوە کرا و ئاگاداریان کردین لە هەبوونی چەند پاشماوەیەکی جەنگیی، کە بریتیبوون لە 16 گولە هاوەنی 60 ملیم و لە کاتی بەکارهێنانی زەوییەک لە لایەن هاوڵاتییەکەوە دەرکەوتبوو”.
دەشڵێت، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەمە تیمی تەقاندنەوە (EOD) ی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی سلێمانی، بە ئامادەبوونی دڵنیایی جۆریی دەرەکی، سەردانی شوێنەکەیانکرد و بەڕێگەی تەقینەوەیەکی ناکارەبایی پاشماوە جەنگییەکانیان لەناوبرد.
بەڕێوەبەرایەتییەکە داوایەک لە هاوڵاتییان دەکات و دەڵێت، “لەکاتی بینینی مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگیدا تکایە دەستکاری مەکە، لێی دوور بکەوەرەوە و شوێنەکەی دەستنیشان بکە، پاشان پەیوەندی بە ژمارە 182بکە هێڵی گەرمی تایبەت بە دەزگای گشتیی کاروباری مینی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و دەتوانن بێبەرامبەر پەیوەندیی پێوەبکەن و ئاگادارمان بکەنەوە لە هەبوونی مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی”.

