کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگای کفری بۆ کەلار دادەندرێت و ئامادەکارییە سەرەتاییەکانی جێبەجێکردنی تەواوکراون.
ئەمڕۆ دووشەممە، سامان عەلی وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بڕیارە لە ماوەکانی داهاتوودا کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگای کفری بۆ کەلار دابنرێت، بەلام بەدیاریکراوی کاتەکەی دەستنیشان نەکراوە.
وتیشی، “نزیکەی دە رۆژ پێش ئێستا تیمێکی کامێرا لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی خاڵ بۆ خاڵ، سەردانی ناوچەکەیان کرد و بەمەبەستی دەستنیشانکردنی شوێنی کامێراکان و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر رێگای کەلار بۆ کفری”.
ئەوەشی خستەڕوو، مەودای رێگاکە 42 کیلۆمەتر دەبێت و پێشبینی دەکەن لەگەڵ ئامادەبوونی کەرەسەتەکانی پرۆژەکە دەست بە دانانی کامێراکان بکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، هەر لە چوارچێوەی دانانی کامێراکاندا، پێشنیازمان کردووە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگای (فلکەی مستەفا بەگ بۆ فلکەی گردەگۆزین) یـش دابنرێت، بەهۆی ئەوەی زۆرترین رووداوی هاتوچۆ لەسەر ئاستی ئیدارەی گەرمیان لەو رێگایەدا بووە.