ناوەرۆکى ئەو سکاڵایە ئاشکراکرا کە لەلایەن سەرۆک کۆمار تایبەت بە مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم لەسەر سەرۆک وەزیران و وەزیرى دارایى عێراق تۆمارکراوە.
هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆمار ئێوارەى دوێنێ رایگەیاند، لەبەرامبەر ئەنجامنەدانی تەوتین و دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق سکاڵای لەسەر محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق تۆمارکرد.
وتیشی، سەرۆک کۆمار سکاڵاکەی لە دادگای فیدراڵی تۆمارکردووە و رۆژی 12ی ئەم مانگە دادگاییەکە بەڕێوەدەچێت.
داواکارییەکانى ناو سکاڵاکە چوار خاڵى سەرەکى لەخۆدەگرێت، کە ئەمانەن:
– دەرکردنى بڕیارێکى دادگا بۆ پابەندکردنى وەزارەتى دارایى عێراق بە خەرجکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم بە سەرجەم توێژەکانیەوە بۆ سەرجەم مانگەکانى پێشوو و مانگەکانى داهاتوو.
– پابەندکردنى وەزارەتى دارایى عێراق بە خەرجکردنى مووچە بەبێ راگرتن و دواکەوتن بەهیچ بیانوویەکى وەک تەوتینى مووچە یان هۆکارى هونەرى و کارگێڕیى وەک تەرازووى پێداچوونەوە یان رێوشوێنەکانى هونەرى و وردبینى.
– تەوتینى مووچە بەپێى رێنماییەکانى بە بانکیکردن کە لەلایەن بانکى ناوەندیى عێراقەوە دەرچووە لە بانکە حکومى یان ئەهلییەکان، رێگە بە مووچەخۆر بدرێت بە خواستى خۆى یەکێک لە بانکە حکومییەکان یان ئەهلییەکان هەڵببژێرێت.
– پابەندکردنى ئەنجومەنى نوێنەران بە هەموارکردنى بڕگەى (ج)ى ماددەى 12ى یاساى بودجە (ئەم بڕگەیە جێبەجێ بووە و ئەنجومەن هەموارەکەى پەسەندکردووە).