مامۆستایەکى ناڕازى دەڵێت، کەناڵەکانى پارتى و میدیا سێبەرەکانیان رووماڵى خۆپیشاندانى مووچەخۆران و رێگرییەکانى هێزە ئەمنییەکان لە سنوورى دێگەڵە ناکەن.
لە بەیانیى ئەمڕۆوە مامۆستا و مووچەخۆران لە شار و شارۆچکەکانى هەرێمەوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوتوون بەمەبەستى ئەنجامدانى خۆپیشاندانێک لە بەردەم نوێنەرایەتیى نەتەوە یەکگرتووەکان لە شارەکە.
لەمیانەى نزیکبوونەوەیاندا لە بازگەکانى دەوروبەرى هەولێر لە دێگەڵە و سماقوڵى، رێگرى لە مووچەخۆران کرا بۆ چوونە ناو شارەکە و چەندان هێز و سەدان چەکدارى هێزە ئەمنییە جیاجیاکان بۆ ئەو مەبەستە بەکارهێندران.
مامۆستایەکى ناڕازى لە نزیک خێمەى مانگرتووانەوە بە تۆڕى میدیایى ئێستاى راگەیاند، هیچ کام لەو رووداو و خۆپیشاندانانە لەلایەن میدیاکانى پارتى و میدیا سێبەر و نزیکەکانیانەوە رووماڵ نەکرا، لەکاتێکدا خۆپیشاندانى مووچەخۆران هێمن و ئاشتییانەیە و بۆ داواکردنى دابەشکردنى مووچەى مانگانە و یەکلاکردنەوە و خەرجکردنى مووچەى مانگى 12یە ساڵى رابردووە.