ئەنجومەنی وەزیران: لەپێناو زامنكردنی مووچەی هەر 12 مانگەكەی 2025 چەند پێشنیازێكمان پەسەندكرد

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەیدا، گواستنەوەی تەواوی خانەنشینانی بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی پەسەندکرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری و ئەندامانی دیکەی وەفدی دانوستانکاری هەرێم کە بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرسی مووچە سەردانی بەغدادیان کردبوو، راپۆرتێکیان سەبارەت بە چوارچێوەی ڕێککەوتنی هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێم تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم خستەڕوو.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لە پێناو زامنکردنی بەردەوامبوونی ئەم ڕێککەوتنە، چەند پێشنیارێک خرانەڕوو بۆ رێکخستنەوەی باری دارایی، داهات، خەرجییەکان، میلاک و بواری وەزیفی گشتیی بۆ ساڵی 2025 لە بەر رۆشنایی دوا ڕێککەوتنی هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێم.

ئەوەش هاتووە، دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پەسەندکردنی سەرجەم ئەو پێشنیازانەی دا کە لە کۆبوونەوەکەدا خرانەڕوو، لەپێناو زامنکردنی مووچەی هەر دوانزدە مانگی ساڵی 2025 و نەهێشتنەوەی هیچ پاساو و بیانوویەکی تەکنیکی بۆ ڕێگریی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ئەنجومەنی وەزیران هەروەها بڕیاری پەسەندکردن و پابەندبوونی بە میلاکی سەرجەم مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2025 دا بە گوێرەی ئەو ژمارە و خەرجییانەی لە کۆبوونەوەکە خرانەڕوو، هەروەها بڕیاردرا بە پەسەندکردنی ڕێکاری گواستنەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە و سەربازیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و شایستەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری وەک لایەنی تایبەتمەند بە خانەنشینی لەسەر تاسەری هەرێم”.

ئەوەشخراوەتەڕوو، “دواتر هیوا ئەفەندی سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پڕۆژەی بەئەلکترۆنیکردنی لیستی پێدانی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی خستەڕوو، کە بۆ یەکەمجار لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە، کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و ئاسانکاری باشی کردووە و کاریگەری بەرچاوی هەبووە”.

لە بڕگەی دووەمدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی عێراق کرد تایبەت بە ماددەی 12 لە یاساکە تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، كە لە لایەن کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت خرایەڕوو.

ئاماژە بەوەشکراوە، “ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە هەموارکردنەوەی یاساکە دەکات و بەهەنگاوێکی گرنگی لە قەڵەمدا بە ئاراستەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم کە بەهۆی ڕاگرتنیەوە، زیانێکی زۆر بەر بودجەی گشتیی کەوتووە، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دووپاتکردنەوەی پابەندیی خۆی بە هەمواری یاساکە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد، کە لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیا نەوتیە بەرهەمهێنەرەکان لە هەرێم، تا لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە لایەن سۆمۆ دەست پێ بکاتەوە و داهاتەکەشی بخرێتەوە خزمەتی خەزێنەی گشتیی فیدڕاڵی”.

لە کۆتایی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا باسلەوەکراوە، “لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەسەر ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 کرا و بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵ بۆ مانگی کانونی دووەمی ساڵی 2025 بۆسەر حیسابی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لە چەند ڕۆژی داهاتوو”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارێكی دەستگیركرد كە هەڕەشەی كوشتنی لە كەسێك كردبوو

پۆلیسی سلێمانی بڵاویكردەوە، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەیدسادق تۆمەتبارێكیان دەستگیركردووە كە هەڕەشەی كوشتنی لە كەسێك كردبوو. بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی…
Total
0
Share