ئەنجومەنی ئیتیحادی لە عێراق چۆن پێکدەهێنرێت؟

ئەنجومەنی ئیتیحاد ئەو ئەنجومەنەی سەر بە دەسەڵاتی یاسادانانە کە لە ساڵی 2005 ەوە ناوی هاتووە و هەتا ئێستا لە واقیعدا بوونی نییە و ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵدەدات بیهێنێتە بوون.

بەپێی ماددەی 48 لە دەستووری عێراق، دەسەڵاتی یاسادانان لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی ئیتیحادی پێکدێت، بەپێی ماددەی 65 یش ئەنجومەنی ئیتیحادی بەپێی یاسایەک کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەردەچێت پێکدەهێنرێت.

ئەنجومەنەکە جیاوازی لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەران ئەوەیە، کە لە نوێنەری پارێزگاکان و هەرێمەکان پێکدێت، بەڵام شێوازی پێکهێنانی ئەنجومەنەکە و مەرجەکانی ئەندامێتی و بەرپرسیارێتییەکانی بە یاسای ئەنجومەنەکە دەبێت کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەردەچێت.

هەرچەندە لە ساڵی 2005 ەوە دروستکردنی ئەنجومەنەکە لە دەستوردا جێگیرکراوە و بەرپرسیارێتیی دروستکردنەکەی کراوەتە ئەستۆی ئەنجومەنی نوێنەران، تا ئێستا نەتوانراوە یاسایەکی بۆ دەربچێنرێت.

دارا سێکانیانی ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە راستیدا لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە خولەکانی دیکەی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەراندا هەوڵێکی ئەوتۆ بۆ دەرچواندنی یاسای ئەنجومەنی ئیتیحادی نەدراوە.

بەپێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاسای ئەنجومەنی ئیتیحادی دەکرێت کە لەلایەن لیژنەی یاساییەوە ئامادەکراوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی ئاماژەی بەوەکرد، خوێندنەوەی یەکەمی یاساکە زیاتر وەک ناساندنی یاساکە، تەنانەت ئەگەر ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت، گەرەنتی ئەوە نییە کە لە کاتێکی زوودا تێپەڕێندرێت، بە تایبەت کە ئەم خولەی پەرلەمان کاتێکی زۆری لەبەردەستدا نەماوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتوون، ئەمڕۆ بەرنامەی کاری کۆبوونەوە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆرەوە کۆبوونەوەکە ناکرێت.

ئێستا زانیویەتی، لە کاردانەوەی بڕیارەکەی دوێنێ دادگای باڵای فیدڕاڵی لە عێراق، کە جێبەجێکردنی سێ یاسای لێبوردنی گشتی و یاسای باری کەسێتی و گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیانی راگرت، پێدەچێت بەشێک لە پەرلەمانتاران ئامادەنەبن و نیسابی یاسایی تەواونەبێت.

ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، مانای دواکەوتنی زیاتری دەرچوونی یاسای ئەنجومەنی ئیتیحادی دێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

شوێنی پەرلەمانتارەكانی سەدر پڕدەكرێتەوە؟
پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجامدەدات

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجامبدات. لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بەپێی ماددەی…
Total
0
Share