قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق گفتوگۆمان كرد لەبارەی دواگۆڕانكارییەكان و رێكارەكانی چارەسەركردنی ریشەیی گرفتە داراییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد كە لە ئێستادا هەنگاوی زۆر باش نراوە لەلایەن هەردوو حكومەتەوە بۆ چارەسەركردنی یەكجاریی كێشەكە.
دەشڵێت، “هەروەها باسی هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستانمان كرد و سودانی پشتیوانيی خۆی دەربڕی بۆ گفتوگۆكانی نێوان لایەنەكان و تەواوكردنی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە هەرێمی كوردستان”.
باسی لەوەش كرد، سەبارەت بە گۆڕانكارییە ئەمنی و سیاسییەكانی ناوچەكە و چۆنییەتی پاراستنی ئاسایشی عێراق لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراو جەختمان كردەوە لەسەر گرنگی هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق.