سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، دەستەی دەستپاکیی راسپارد بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکاریی پێشینەکانی خانەنشینان و حاڵەتەکانی ساختەکردن لە مامەڵەی قوربانییانی تیرۆر.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجومەنەکە فەرمانیکردووە، لێکۆڵینەوە لە کۆنترۆڵنەکردنی دەستەی خانەنشینیی نیشتمانی و، بەشێک لە مووچەی خانەنشینان و مردووەکان، هەروەها وەرنەگرتنەوەی ئەو پێشینانەی کە لەسەر هەندێک لە خانەنشینانە و حاڵەتەکانی بەڕێکردنی ئەو مامەڵانە و قوربانییانی تیرۆر کە ساختەیان تێدا دەکرێت، بکرێت.
سودانی رایگەیاندووە، “پێویستە سامانی گشتی بپارێزرێت و چاوپۆشی لە هیچ حاڵەتێکی ساختەکاری و سەرپێچی نەکرێت، کە ببێتە هۆی بەفیڕۆدانی سامانی گشتی یان پێدانی بەو کەسانەی کە بە پێی یاسا شایستە نین”.
هاوکات داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، پەلەبکەن لە گرتنەبەری ژمارەیەک ڕێوشوێن بۆ باشترکردنی پرۆسەی ڕێکخستن و یاسایی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان، لەوانە:
1- ئامادەکردنی داتابەیسی بایۆمەتری.
2- ئەنجامدانی پرۆسەی پێداچوونەوە بۆ گرێبەستەکانی خزمەتگوزاریی پارەدانی ئەلیکترۆنی.
3- گرتنەبەری میکانیزمێکی ورد و پراکتیکی بۆ سەلماندنی ئەوەی کە خانەنشینان لە ژیاندا ماون.
4- بەدواداچوون بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پێشینە و مووچانەی کە بە کەسانێک دراون شایستەی نین.
5- جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێوشوێنە یاساییەکان بەشێوەیەکی تەواو دژی ئەو کەسانەی کە بە لێکۆڵینەوە سەلمێنراوە دەستیان هەبووە لە هەر پێشێلکارییەک یان بەهەدردانی سامانی گشتی.