نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە هەولێر ئازادكرا

كەمێك پێش ئێستا ئازادكردنی مامۆستا عەلی رەئوف، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست راگەیەنرا، دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیركرا.

عەلی رەئوف، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە ئەكاونتی خۆیەوە لە فەیسبووك ئازادبوونی راگەیاند و دەڵێت، سوپاس بۆ ئەو بەڕێزانەی پشتگیرییان كردین.

نووسیویشیەتی، “دڵنیایی تەواو دەدەین بە مامۆستایانی گرێبەست، بەردەوام دەبین لە کاری نوێنەرایەتی”.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ مامۆستا عەلی رەئوف لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە لە قەزای بەردەڕەش دەستگیركرا، دوای ئەوەی بەو كاتە هێزەكە هەڵیانكوتاوەتەسەر ماڵەكەی.

بەپێی زانیارییەكان كە بە تۆڕی میدیایی ئێستا دراون، هێزەكە هیچ بڕیارێكی دادگای بۆ دەستگیركردنی مامۆستا عەلی رەئوف پێنەبووە، لەكاتی دەستگیركردنیشیدا بەشێوەیەكی توند مامەڵەی لەگەڵ كراوە و لەبەرچاوی منداڵ و هاوسەرەكەی “سوكایەتی پێكراوە”.

هەر بەپێی زانیارییەكان لەكاتی دەستگیركردنیدا لەلایەن ئەو هێزەوە پێیوتراوە “ئەم سنوورە هی ئەوە نییە هەر كەس بە ئارەزووی خۆی خۆپیشاندان و كۆبوونەوە بكات، وەك ئەوەی لە سنووری سلێمانی هەیە”.

دەستگیركردنەكەی بەر لەو خۆپیشاندانە بوو كە بڕیاربوو ئەمڕۆ مامۆستایانی گرێبەست لە هەولێر و دهۆك ئەنجامیبدەن و، لە هەفتەی رابردووەوە لەلایەن نوێنەری مامۆستایانەوە بانگەشە و ئامادەكاری بۆ كرابوو.

وەك ئەوەی پێشتر مامۆستا عەلی رەئوف بڵاویكردەوە، بڕیاربوو كاتژمێر 10ی بەیانیی ئەمڕۆ خۆپیشاندانەكە تایبەت بە داواكردنی مووچە و مافەكانی مووچەخۆران لە هەولێر لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و لە دهۆك لە بەردەم پەروەردەی گشتیی شارەكە بەڕێوەبچێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share