فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایدەگەیەنێت، پەیوەندییەكی بەردەوام و پتەویان لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستاندا هەیە و دەشڵێت، “ئەم دۆخەی ئێستا بۆ تەواویی گەلی كورد گرنگە”.
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند، سەردانەكەی ئەم دواییەی بۆ هەرێمی كوردستان گرنگی خۆی هەبووە و لە ئێستاشدا هەر هەنگاوێك بۆ یەكخستن، یەكدەنگی و بۆچوونی كورد پێویستە.
وتیشی، “بەهۆی پەیوەندییە بەردەوام و پتەوەكانمان لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە ئێستادا هەوڵەكانی بۆ یەكگرتووی و یەك هەڵوێستی كورد هەنگاوی باشیان بەرەو پێشەوە بڕیوە و لە ئێستاشدا ئەم یەكدەنگییە بۆ تەواوی كورد لە هەر كات و ساتێكی دیكەدا گرنگی تایبەتی خۆی هەیە”.
لەبارەی پرسی كوردییشەوە مەزڵوم عەبدی جەختی لەوەشكردەوە، پرسی كورد لە سوریا تەنها بە خودی كوردەوە پەیوەست نییە و چەند لایەنێك دەیانەوێت ئەم پرسە بە كوردەوە ببەستنەوە، بەڵام ئەمە راست نییە و چونكە لە رۆژئاوا نەك تەنها كورد، بەڵكو چەند نەتەوە و ئاینێكی جیاواز پێكەوە بۆ چەندان ساڵە دەژین و ئەوەی ئێمە باسی لێوەدەكەین پرسی ئەوانیشە نەك بەتەنها كورد و پێكیشەوە پارێزگاری لە وڵات و خاكمان دەكەین.