جۆ بایدن بووە 46ەمین سەرۆكی ئەمریكا

بینای كاپیتۆڵ لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی جۆ بایدن-دا

مەراسیمی سوێندخواردن و دەستبەكاربوونی سەرۆكی نوێی ئەمریكا لە واشنتن بەڕێوەدەچێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی كانونی دووەم ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا لە بینای كاپیتۆڵ دەستیپێكرد.

ڕێوڕەسمی پڕۆتۆكۆڵی بە زنجیرەیەك وتار دەستیپێكرد. پاش پێشكەشكردن و وتنی سرودی نیشتیمانی لەلایەن لەیدی گاگا-ی هونەرمەندی ناسراوی ئەمریكی و جیهانییەوە، كامالا هاریس، جێگری نوێی سەرۆكی ئەمریكا سوێندی یاسای خوارد.

دواتر گۆرانییەك لەلایەن جینیفەر لۆپێز-ی هونەرمەند و گۆرانیبێژی ئەمریكییەوە پێشكەشكرا، پاشان جۆ بایدن، سەرۆكی نوێی ویلایەتە یەكگرتووەكان سوێندی یاسایی خوارد و بە فەرمی بووە 46ەمین سەرۆكی ئەمریكا.

لە یەكەم وتاریشیدا وەك سەرۆك جۆ بایدن وتی، ئەمڕۆ كۆبووینەتەوە و ئاهەنگ بۆ دیموكراسی دەگێڕین. وتیشی، “دەبێت هەوڵبدەین بۆ ئەوەی بمێنینەوە، نابێت ڕێگەبدەین گەلەكەمان بێ ئومێد بمێنێتەوە”.

بایدن ئەوەشی وت، “لەم ڕۆژەدا هەموو رۆحم دەخەمە سەر زەوی بۆ ئەوەی هەموو ئەمریكییەكان یەكبخەم، دەبێت ئێمە یەكبگرین بۆ ئەوەی ڕوبەڕووی مەترسی توندڕەوی و بێكاری و نەخۆشی ببینەوە، كە هەموو ئەوانە تەنها و تەنها بە یەكێتی دەبێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، بە یەكێتی بوونمان دەتوانین هەلی كار و خوێندنگاكان بۆ نەوەكان فەراهەمبكەین و ڕوبەرووی ئەو ڤایرۆسە كوشندەیە ببینەوە.

سەرۆكی نوێی ئەمریكا وتیشی، “دەتوانین جارێكی دیكە ئەمریكا بكەینەوە بە پێشڕەوی چاكە”. ئەوەشی وت، “تەماشای مێژوو بكەن و عەقل بەكاربهێنن كە پێماندەڵێت یەكێتی دەتوانێت بمانبات بۆ پێشەوە”.

جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە كە “ئەگەر ئاشتی نەبێت هیچ شتێك نابێت، بەرەوپێشەوە چوون نابێت، نەتەوە نامێنێت”.

سەرۆكی نوێی ئەمریكا داوای سەرەتایەكی نوێی لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی كرد و وتی “با سەرەتایەكی نوێ دەستپێبكەینەوە و با گوێ لە یەكتر و ڕێز لە یەكتربگرین، هەموو ئەو ناكۆكیانەی هەمانە پێویست ناكات ببێت بەشەڕ، پێویستە ئەو كلتورە ڕەتبكەینەوە كە گەوجاندن بە بنەما دەزانێت، ئەمریكا دەبێت باشتربێت لەوەی ئەمڕۆ هەیە”.

هەروەك ئاماژەی بەو چركەساتە مێژووییە كرد كە تیایدا كامالا هاریس، وەك یەكەم ژن لە مێژووی ئەمریكادا دەبێتە جێگری سەرۆك و جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە كە دەبێتە سەرۆكی هەموو ئەمریكییەكان و پەیمانی ئەوەشیدا كە مافی هیچ لایەك نەدات بەسەر لایەكی تردا، لەنێوان لایەنگرانی و ئەوانەش كە دەنگیان پێنەداوە.

جۆ بایدن ئەوەشی خستەڕوو، “ئەو ئەركانەی لە بەردەمماندایە ئەوەمان نیشاندەدات كە پێویستمان بە یەكتر هەیە”.

بابەتی پێشتر

جاك ما دەردەكەوێتەوە

بابەتی دواتر

كۆرۆنا لە هەرێم.. 68 توشبووی نوێ تۆماركران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share