قاوە كاریگەری لەسەر تەمەن درێژی هەیە
توێژینەوەیەك كاتی گونجاوی خواردنەوەی ئاشكرادەكات

توێژەرانی بواری تەندروستی لە زانكۆكانی هارڤارد و تولین ئاشكرایانكرد كە خواردنەوەی قاوە دەشێت ناوەندی تەمەن زیادبكات، بەمەرجێك بەیانیان بخورێت.

بەپێی توێژینەوەیەكی مایۆ كلینیك، كە قاوەی وەك سیستمێكی خۆراكی هاریكار بۆ پارێزگاریی دڵ دیاریكردووە، كاتی خواردنەوەی قاوە بەشێوەیەكی دیار كاریگەری لەسەر تەمەن درێژی هەیە.

توێژینەوەكە لە گۆڤاری دڵی ئەوروپی بڵاوبووەتەوە و ئاشكرایكردووە، ئەوانەی قاوە خواردنەوەیان لە كاتژمێرەكانی بەیانیدایە، مەترسیی مردن لەناویاندا كەمترە.

روونیشیدەكاتەوە، ئەوانەی بەیانیان قاوە دەخۆنەوە كەمتر رووبەڕووی مردنی پێشوەختە دەبنەوە بەهەر هۆكارێك بە رێژەی 16% بەراورد بەو كەسانەی قاوە ناخۆنەوە، هەروەها بەڕێژەی 31% كەمتر لە بەردەم ئەگەری مردندان بە نەخۆشییەكانی دڵ.

توێژینەوەكە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی، ئەو كەسانەی قاوە بە درێژایی رۆژ دەخۆنەوە هیچ دابەزینێك لە مەترسییەكانی مردن تیایاندا بەدینەكراوە بەراورد بەوانەی بەهیچ جۆرێك قاوە ناخۆنەوە.

روونیشیدەكاتەوە، بڕی قاوەكە كاریگەری لەسەر ئاستی سوودلێوەرگرتنەكەی هەیە، بەجۆرێك ئەوانەی تەنها كوپێكیان خواردوەتەوە، كەمترین سوودیان لێوەرگرتووە، لەكاتێكدا ئەو كەسانەی رۆژانە دوو كوپ بۆ سێ كوپ قاوەیان خواردووەتەوە، كاریگەری زیاتر لە ناوەند لەسەریان هەبووە.

دكتۆر لۆ چی، ئامادەكاری سەرەكیی توێژینەوەكە دەڵێت، ئەمە یەكەم توێژینەوەیە كە كاتی خواردنەوەی قاوە و ئەنجامە تەندروستییەكانی شیدەكاتەوە.

وتیشی، “ئەنجامەكانمان دەریدەخەن تەنها قاوە دەخۆیتەوە و چەند دەخۆیتەوە گرنگ نییە، بەڵكو ئەو كاتەی رۆژ كە قاوەی تیادەخۆیتەوە گرنگە. بەشێوەیەكی گشتی لە رێنماییە خۆراكییەكاندا رێنوێنی لەبارەی كاتەوە نادەین، بەڵام پێدەچێت لە ئایندەدا پێویست بێت بیری لێبكەینەوە”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share