وتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، هەموو ئەو قسانە رەتدەکەینەوە کە لە راگەیەندراوی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، کە بانگەشەی ئەوە دەکات نوێنەری حکومەتی فیدڕاڵی بەربەرستی دروستکردبێت لە هەماورکردنەوەی یاسای بودجە تایبەت بە رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، حکومەت کار بۆ شەفافیەت و ئاشکراکردنی پێشکەوتنی کارە جێبەجێکارییەکان بۆ هاوڵاتیان دەکات بەتایبەتی سەبارەت بە پرسی بودجە کە پایەیەکی بنەڕەتییە و بۆ جێبەجێکردنی ئەو پابەندبوونانەی کە لە بەرنامەی حکومەتدا هاتووە، پابەندبوونی حکومەت بەو هەموارکردنانە پشتڕاست دەکەینەوە کە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران نێردراوە پەیوەندیدار بە یاسای بودجە کە بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی لەبەرچاو گیراوە و جەخت لەوە دەکەینەوە کە نوێنەری حکومەت لە ئەنجومەنی نوێنەران جەختی لەسەر پێویستی ئەنجامنەدانی هیچ گۆڕانکارییەکی دیکە لە یاسای بودجەدا کردەوە کە پێچەوانەی ئەو دەقانە بێت کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێشکەشکراون.
دەشڵێت، “سەرەڕای ئەوەی ئەو شتانەی لە راگەیەندراوەکەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە رەتدەکەینەوە، سەرمان سوڕماوە لەوەی تیادا هاتووە کە بانگەشەی ئەوە دەکات نوێنەری حکومەتی عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەران رێگربووبێت لە تێپەڕاندنی یاساکە و هەموارکردنەوەی بڕگەکان پەیوەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.
جەختیشی لەسەر گرنگی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە بە بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی، لەوانەش گەڕاندنەوەی داهاتی دارایی، چ نەوت بێت یان نانەوتی بۆ حکومەتی فیدراڵی، بەپێی ئەوەی کە دیاریکراوە لە یاسا و بڕیاری دادگای فیدراڵیدا.
دووپاتیشیکردەوە، پابەندبوون بەم رێکارانە هەنگاوێکی پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بەم مەلەفە و بەرزکردنەوەی هاوکاریی نێوان هەردوولا، حکومەتی فیدراڵیش هیوادارە ئەنجومەنی نوێنەران پەلە بکات لە پەسەندکردنی هەموارکردنەکە بەگوێرەی ئەو دەقەی کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکراوە، بۆ بەرژەوەندی هەموو عێراق.