لەبارەی هاوردەكردنی ئاژەڵی تووشبوو بە نەخۆشی تاعوون روونكردنەوە دەدرێت

وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم لەبارەی دەنگۆی هاوردەكردنی كۆمەڵێك ئاژەڵی تووشبوو بە نەخۆشی تاعوون روونكردنەوە دەدات.

هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، هاوردەكردنی كۆمەڵێك بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان كە هەڵگری نەخۆشییەكی كوشندەن، دوورە لە راستییەوە.
وتیشی، “بابەتی هاوردەكرنی ئەو ئاژەڵانە پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە و خودی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لێی بەرپرسیارە بەتایبەت كەرەنتینەكردن، ڤاكسینكردنیان و هیچ بەشێكیشی بۆ هەرێمی كوردستان تێدا نییە”.

لەبارەی پڕۆسەی هاوردەكردنی ئاژەڵ بۆ هەرێمی كوردستان وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم ئەوەی خستەڕوو، “ئەو ئاژەڵانەی كە هەرێم هاوردەیان دەكات لەو وڵاتانەوەن كە دڵنیان نەخۆشییان تێدا نییە و بۆماوەی 21 رۆژ كەرەنتینە دەكرێن”.

جەختی لەوەشكردەوە، “بەدڵنیاییەوە هاوردەكردنی ئاژەڵی نەخۆش بۆ هەر وڵاتێك جا چی عێراق یان هەرێمی كوردستان بێت، مەترسیدارە؛ چونكە دەبێتە رێگاخۆشكار بۆ بڵابوونەوە و گواستنەوەی نەخۆشی”.
دوو رۆژ بەر لەئێستا میدیا عێراقییەكان هەواڵی هاوردەكردنی ئاژەڵی نەخۆش و تووشبوو بە نەخۆشی تاعوون بڵاوكردەوە و لەبەرانبەریشدا وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لە راگەیەندراوێكی رەسمیدا ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share