وەزیری دارایی هەرێم: هیچ ساڵێك حكومەتی عێراق پابەند نەبووە بە خەرجكردنی پشكی هەرێم

وەزیری دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، هیچ ساڵێك حكومەتی عێراق پابەندنەبووە بە خەرجكردنی پشكی هەرێمی كوردستان.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، رۆژی پێنجشەممە وەفدی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان لەگەڵ كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی بیانی لە شاری هەولێر كۆبوونەوە.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری راپۆرتێكی بە داتا و زانیاری و بەڵگەی رەسمی، لەسەر مێژووی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد خستەڕوو، هاوكات ئاماژەی بەو سیاسەتی فشار و جیاكارییە كرد كە زیاتر لە 10 ساڵە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە خراوەتە سەر هەرێمی كوردستان و تاوەكو ئێستاش بەردەوامە.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیەدا وەزیری دارایی، دۆخی دارایی هەرێمی كوردستانی لەگەل حكومەتی عێراق لە ساڵی رابردوو روونكردەوە و رایگەیاند، هیچ ساڵێك حكومەتی عێراق پابەندنەبووە بە خەرجكردنی پشكی هەرێمی كوردستان و لە پێنج ساڵی رابردوودا پشكی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق لەكۆی زیاتر لە 845 ترلیۆن دینار، نزیكەی 73 ترلیۆن دینار بووە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراقەوە تەنها 23,827،300،000,000 لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا بۆ هەرێمی كوردستان خەرجكراوە كە دەكاتە رێژەی تەنها لە23%ی شایستەی هەرێم و لە 2.81% كۆی بودجەی عێراق لەو پێنج ساڵەدا، ئەوەش لە كاتێكدایە زیاتر لە 4 ترلیۆن دیناری ئەو پارەیە بە قەرز لەسەر هەرێمی كوردستان هەژماركراوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share