بافڵ جەلال تاڵەبانی: بۆ پرسی مووچە داوای پابەندبوون بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەكەین

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە ڤیكتۆریا تایلۆر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك و وەفدێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان ئامادەبوو، دۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە جەختیلێكرایەوە.

لە درێژەی دیدارەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سیاسەتی یەكێتی و هەوڵەكانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان و چارەسەركردنی كێشەكان روونكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد، پابەندین بە پاراستن و بەرگریكردن لە ماف و بژێویی ژیانی خەڵكەكەمان، لەو چوارچێوەیەشدا لە هەوڵەكانمان بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار و دادپەروەر بەردەوامین و دەمانەوێت یەكسانی و هاوبەشیی راستەقینە بنەماكەی بێت، دەمانەوێت هەموومان بەرپرسیارانە و دوور لە هەموو ناكۆكییەك خزمەتی خەڵكەكەمان بكەین و هەرێمەكەمان بەرەو ئاوەدانی و سەقامگیریی زیاتر ئاڕاستە بكەین.

لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد، پرسی مووچە و ناردنی شایستەداراییەكانی هەرێمی كوردستان سەرۆك بافڵ رایگەیاند، “داوای پابەندبوون بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەكەین و دەمانەوێت ئەم كێشەیە چارەسەرێكی هەمیشەیی بۆ بدۆزرێتەوە، ناكرێت بەردەوامیی بەم دۆخە بدرێت و ژیانی خەڵك تێكەڵی ململانێكان بكرێت، ئەم پەیامەشمان بەهەموولایەك گەیاندووە.

دۆخی سوریا و رۆژئاوای كوردستان تەوەرێكیتری دیدارەكە بوو و لەوبارەیەوە سەرۆك بافڵ رایگەیاند، “هەوڵی ئێمە بۆ پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانی سوریا بووە و جەختمان لە لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ كردووەتەوە بەتایبەت لەگەڵ كورد كە قوربانییەكی زۆریان بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری داوە”.

سەرۆك بافڵ وتیشی، “یەكگرتوویی و یەكگوتاریی كورد لە سوریا بەشێكی گرنگی هەوڵەكانمان بووە و هەوڵمانداوە هەمووان بە ستراتیژێكی هاوبەشەوە هەنگاوبنێن، بەخۆشحاڵییەوە سەركەوتووبووین و لەداهاتوودا ئەنجامەكەی رووندەبێتەوە”.

لە بەشێكیتری دیدارەكەدا پرسی وزە گفتوگۆی وردی لەبارەوەكرا و لەو رووەشەوە سەرۆك بافڵ هەڵوێستی یەكێتی روونكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد، ئەو سیاسەتەی لە رابردوودا سەبارەت بەم پرسە پەیڕەوكراوە سەركەوتوو نەبووە، بۆیە دەمانەوێت لەداهاتوودا بە ستراتیژێكی نوێوە ئەم كەرتە بەڕێوەببەین و ببێتە مایەی پێشكەوتن و ئاوەدانیی وڵاتەكەمان، لەو چوارچێوەیەشدا هیوادارین لەگەڵ بەغداد بگەینە رێككەوتنێكی هاوبەش و هەمووان پێكەوە خزمەتی خەڵكەكەمان بكەین.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share