مەزڵوم عەبدی: لامەرکەزییەت بە گونجاو دەزانین بۆ باکوور و رۆژئاوای سوریا

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)

مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، داواکارییەکانیان بۆ ئیدارەیەکی لامەرکەزی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا ناکۆک نییە لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی سوریا.

مەزڵوم عەبدی راشیگەیاند، لامەرکەزییەت گونجاوترین بژاردەیە بۆ واقیعی سوریا، ئەم داواکارییە پێشکەش بە ئیدارەی نوێی سوریا کراوە لە گفتوگۆکاندا.

عەبدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شەرق رایگەیاند، ئیدارەی لامەرکەزی خواستی بنەڕەتیی ئێمەیە، بەڵام دیدگای ئیدارەی سوریا جیاوازە، بەو پێیەی ئەوان ئیدارەی مەرکەزییان دەوێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی سرووشتی هەمەجۆریی کۆمەڵگەی سوریا بە باشترین بژاردەی دەبینین، جەختیشیکردەوە کە ئەوان “بەرگری لە بیروبۆچوونی خۆیان دەکەن لەوبارەیەوە”.

سەبارەت بە دامەزراوە ئەمنییەکان رایگەیاند، ئێمە دامەزراوەی سەربازی و ئەمنییمان هەیە کە ماوەی 10 ساڵە بەشێوەیکی ئاسایی کاردەکەن و ئێمەش کاردەکەین بۆ ئەوەی دامەزراوەکان بە ئیدارەی نوێی سوریا لە دیمەشق ببەستیەوە بەشێوەیەک تایبەتمەندییەکانیان پارێزراو بێت.

سەبارەت بە نەوتی خاکی ژێر دەسەڵاتیان، مەزڵوم عەبدی رایگەیاند، ئێمە ئامادەین مەلەفی نەوت رادەستی ئیدارەی نوێی سوریا بکەین بە مەرجێک سامانەکەی بەسەر هەموو پارێزگاکانی سوریادا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەشبکرێت.

سەبارەت بە دووبارەکردنەوەی سیناریۆنی هەرێمی کوردستانی عێراق لە سوریا رایگەیاند، هیچ لێکچوونێک نییە لەنێوان ئەو ئەزموونەی ئێمە ئاواتەخوازین لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا درووستی بکەین لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق، بەو پێیەی دۆخەکە تەواو جیاوازە و عێراق وڵاتێکی فیدڕاڵییە.

روونیشیکردەوە، ئەوان داوای لامەرکەزیی جوگرافی دەکەن نەوەک لامەرکەزی نیشتمانیی و پەرلەمان و حکومەتی جیاواز، بەلام پێویستە مافی کورد پارێزراوبێت لەرێگەی دەستوورێکەوە کە سوورییەکان لەسەری رێکدەکەون و خەبات بۆ ئەم کارە دەکەن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share