بەڕێوەبەری بەنداوەكان: باران كەمتر باریووە، بەڵام ئاستی ئاوی بەنداوەكان لە ساڵی رابردوو باشترە

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكان رایدەگەیەنێت، لەگەڵ ئەوەی تائێستا باران كەمتر باریووە، بەڵام ئاستی ئاوی بەنداوەكان لە ساڵی رابردوو باشترە.

رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، وەكو دەزانرێت ئەمساڵ لە زۆرینەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان رێژەی بارانبارین كەمتر بووە لە ساڵی رابردوو، هەندێك ناوچەی دیاریكراو نەبێت، ناوچەكانی دیكە بارانی كەمتریان لێباریووە، ئەو ناوچانەش كە لە ساڵی رابردوو بارانی زیاتریان لێباریووە، زۆر سنووردارن.

وتیشی، “بۆ نمونە لە گەرمیان، لە هەندێك شوێن باران باشە، بەڵام سەبارەت بە كشتوكاڵ بۆ تەواوی هەرێمی كوردستان ئەو كەمبارینە، یان رێك نەبارینەی باران كاریگەری هەبووە لەسەر بەروبوومی كشتوكاڵی لە هەولێر، دهۆك و بەشێك لە گەرمیان”.

رەحمان خانی روونیشیكردەوە، بەشێوەیەكی گشتی ئەمساڵ داهات لە سەرچاوەكانی ئاوەوە بۆ بەنداوەكانی دەربەندیخان، دوكان و دهۆك كەمبووە، بەڵام وەك بەنداوەكان ئاستی ئاو لە ساڵی رابردوو باشترە، ئەوەش هی بارانی ئەمساڵ نییە، بەڵكو هی كۆكردنەوە و یەدەگ هێشتنەوەی ئاوە لە بەنداوەكاندا.

هێشتا زووە بڵێین، ئەمساڵ كەمئاوی دەبێت، یان هەندێك شوێن وشكەساڵی بێت، چونكە تا ناوەڕاستی مانگی پێنج ئەگەری بارانبارین لە كوردستان هەیە، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكان وای وت.

باسی لەوەشكرد، چاوەڕێن و پلانیان هەیە بۆ ئەوەی بەشی پێویستییەكانی كوردستان و ئەو ناوچانەشی پشت بە بەنداوەكانیان دەبەستن، ئاو كۆبكەنەوە.

رەحمان خانی دووپاتیشیكردەوە، لەو شوێنانەی بەنداوەكانی لێیە، ئاستی ئاو بەجۆرێكە، یەدەگی ئاو ئەوەندە هەیە كە بەشی پێداویستییەكانی خەڵك بكات، لەو شوێنانەش بەنداوی لێنییە، كە رێژەی بارانبارین كەمدەبێتەوە، كاریگەری لەسەر كانیاو، ئاوی ژێرزەوی و ئاوی چەمەكان دەبێت و تەواوی ناوچەكان كاریگەر دەبن بە كەمبارانی.

روونیشیكردەوە، “هێشتا نزیكەی چوار مانگێكمان ماوە، بۆ ئەوەی چاوەڕوانی باران بین، بۆیە با هەر لە ئێستاوە رەشبین نەبین، كە باران نابارێت، یان كەم دەبارێت، بەڵام پێشبینی ناكرێت، باران وەك ساڵی رابردوو بێت”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هاتەدەنگ

ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر تەوتینی فەرمانبەرانی سلێمانی تەواوبوو وەزارەتی دارایی پابەنددەبێت بە ناردنی مووچە…
Total
0
Share