شێخی ئەندازیارانی عێراق لە تەمەنی 97 ساڵیدا کۆچی دواییکرد

هیشام مەدفەعی، گەورە ئەندازیاری عێراقی کە بە شێخی ئەندازیارانی عێراق ناسراوە لە تەمەنی 97 ساڵیدا لە وڵاتی بەریتانیا کۆچی دواییکرد.

هیشام مەدفەعی لەدایکبووی ساڵی 1928 ی شاری بەغدادە، کوڕی حەسەن فەهمی مەدفەعییە کە لە سەردەمی پاشایەتی عێراقدا دوو ساڵ بەڕێوەبەری پۆلیس بووە و دواتریش بە یەکێک لە کەسایەتییەکانی دامەزرێنەری دەوڵەتی عێراق ناسراوە.

هیشام لە ساڵی 1950 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری لە زانکۆی بەغداد بەدەستهێناوە، جێ پەنجەی بە بەشێک لە شاکارە بیناسازییەکانی عێراق بە تایبەت شاری بەغدادەوە هەبووە، کە دیارترینیان شاکاری سەربازی ون بووە لە شاری بەغداد جگە لە چەندین پرۆژەی نیشتەجێبوونی وەک پرۆژەیەکی ناسراوی نیشتەجێبوون لە شەقامی حەیفای شاری بەغداد.

ئەو ئەندازیارە لە ساڵی 1986 و لەسەردەمی رژێمی دیکتاتۆری پێشوو چەندین تۆمەتی ئاڕاستەکرا و بەهۆیەوە دەستگیرکرا و دواتر بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو و دواتر رەوانەی زیندانی ئەبوغرێب کرا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی لە وادەی لەسێدارەدانەکەی رۆژێک یەکێک لە کچەکانی ناوبراو بە ناوی غادە بە رێکەوت لە رێورەسمێکدا سەدام حسێن دەبینێت پێی دەڵێت، “دایکم تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە ئەگەر ئەو لەدەستبدەین باوکیشمان بەهۆی لەسێدارەدانەکەوە لەدەستدەدەین”، هەر بۆیە دەستبەجێ سەدام بڕیاری لێخۆشبوونی دەردەکات و لە ساڵی 1988 ئازاددەکرێت.

شەوی رابردوو ئەو کەسایەتییەی عێراق لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لە تەمەنی 97 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share