زانکۆی سلێمانی کار بۆ کردنەوەی بەشی AI دەکات

Artificial Intelligence یاخود کورتکراوەکەی AI، یەکێکە لە گرنگترین پێشکەوتنەکانی سەدەی 21 و لە هەموو جیهانەوە کار لەسەر بەرەوپێشبردنی و تێکەڵکردنی بە ژیانی رۆژانەی تاک دەکرێت، زانکۆی سلێمانیش دەیەوێت بەشێکی تایبەت بەم بوارە بکاتەوە.

ئەمڕۆ 15ی1ی2025 دكتۆر كۆسار محەمەد عەلی، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی پێشوازی لە فاروق مستەفا رەسوڵ خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی فاروق‌ و وەفدی یاوەری کرد، کە مەبەستی سەردانەكەیان بۆ دروستكردنی هەمئاهەنگی‌ و كردنەوەی بەشی (AI) بوو لە زانكۆی سلێمانی.

زانکۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بە هاوكاری‌ و یارمەتیدانی دامەزراوەی نیو سۆشیال‌ و دامەزراوەی دیکە، كە وەفدی یاوەر كاریان تێدادەكەن کار بۆ کردنەوەی بەشەکە دەکەن.

محەمەد بابان، راوێژكاری تەكنەلۆژی لە ئاسیاسێڵ لە لێدوانێكدا رایگەیاند، دەمانەوێت بەشداربین لە هاوكاری زانكۆی سلێمانی بۆ كردنەوەی بەشی (AI)‌و چۆنیەتی پێشخستنی بەشی (ئایتی و كۆمپیوتەر) لە زانكۆی سلێمانی.

باسی لەوەشكرد، كە دەیانەوێت سیستمی (AI) بۆ زانكۆی سلێمانی دروستبكەن، کە خوێندكاران و مامۆستایان و توێژەرانیش سوودی لێوەربگرن، بەشێوەیەك، كە هەر بابەتێكی زانستی هەبێت لە رێگەی (AI)ەوە ئاسانكاری بۆ بكرێت‌ و هەمووان بتوانن بە كەمترین كات‌ و زۆرترین سەرچاوە بگەنە ئەو بابەتانەی كە خۆیان دەیانەوێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share