پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتباری ئەو ژنەی راگەیاند کە نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر لە گەڕەکی سەرچنار کوژرابوو.
لە راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە، دوای ئەوەی لە رێکەوتی 17 ی 8 ی 2023 ژنێك لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی بە خنكاوی دۆزرایەوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و
بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دەركەوت لەلایەن خزمێكی خۆیەوە كوژراوە و بكوژەكەش بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتووە، لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانی پۆلیس بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار بەردەوام بوو، تا ئەو كاتەی شوێنی نیشتەجێبوونی تۆمەتبار دۆزرایەوە و توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوشتن و بە هاوكاری دەزگای هەواڵگری حكومەتی فیدراڵ تۆمەتبار لە پارێزگای عەممارە دەستگیربكرێت.
ئاشکراشیکرد، لە ئێستادا تۆمەتبار بە ناوی (ك،ع،ف) بەرەگەز عەرەب، لەدایكبووی ساڵی 2006 بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و دانی ناوە بە تاوانەكەیدا، كە لە پارێزگای عەممارەوە هاتووەتە شاری سلێمانی و لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی هەستاوە بە خنكاندنی پوری خۆی و دواتر هەڵاتووە.