فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت،بەپێی ماددەی 140 دەستووری عێراق بۆ ساڵی 2005، دەبێت پڕۆسەی ریفڕاندۆم لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان ئەنجامبدرێت و حكومەتی عێراقی پابەندكراوە پێش 31ی كانوونی یەكەمی 2007 ئەو پرۆسەیە جێبەجێبكات، چ پێش ئەم رێككەوتە، چ لەو بیست ساڵەی رابردوو، سەرجەم حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفڕاندۆم بە تەواوی شكستیان هێناوە.
هەر لە راگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێمدا هاتووە، ئێستا حكومەتی عێراق ئامادەكاری دەكات و بەشێوەیەكی تاك لایانە، نەوت و گازی ئەم ناوچانە ببات، لە كاتێكدا خەڵكی كوردستان و لە چوارچێوەی ماددەی 140، داواكاری ڕەوای ئەم ناوچانە دەكات كە بەپێی هەردوو ماددەی 110 و 115 ی دەستووری عێراق بۆ ساڵی 2005، مافی رەها و تاك لایانە بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدات كێڵگە نەوت و گازە تازە دۆزراوەكان بەڕێوەببات.
هەروەها مادەی 112، ئاماژە دەدات حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێم كێڵگەی نەوت و گازە پێشوو دۆزراوەكان (كۆنەكان) بە هاوبەشی بەڕێوەببەن، وەك ئەوانەی لە كەركوك و لە ناوچەكانی دەوروبەی هەن.
دەشڵێت، “بەغداد پابەندكراوە لە گەڵ هەرێم سەبارەت بە دابەشكردنی داهاتی ئەو كێڵگە پێشوو دۆزراوەكان (كۆنەكان) رێكبكەوێت و حكومەتی هەرێم بەردەوام ئامادەبووە بەشداربێت بۆ ئەم رێككەوتنانە، بەڵام حكومەتی عێراقی بەبەردەوامی لە بەرپرسیاریەتییە دەستووریەكانی خۆی دزیووەتەوە.”
باسی لەوەش كردووە، حكومەتی عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت و گاز واژووبكات بەبێ ئەوەی ماددەكانی دەستوور بەگشتی و بەتایبەت هەردوو ماددەی 140 و 112، لەبەرچاوبگرێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، حكومەتی هەرێم بە مافی دەستووریی خۆی دەزانێت، بە هەموو ڕێكارە جیاوازەكان كە دەستەبەر بێت ، بەرگری لە مافە دەستوورییەكانی بكات و كار لەسەر جێبەجێكردنی یاساكان دەكات بۆ پاراستنی مافەدەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان و كەركوك.