ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زانیاری لەبارەی ئەو بڕگانە دەخاتەڕوو کە لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەراندا لە هەمواری یاسای خانەنشینی بڕیارە هەمواربکرێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی بڕیاربوو ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی نەکرا و هەمواری یاسای خانەنشینی کە یەکێک بوو لە بڕگەکانی کۆبوونەوەکە کەوتە کۆبوونەوەی داهاتوو.
د. بڕیار ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە سایتی رەسمیی یەکێتی وتووە، “ئەو بڕگانەی لە یاسای خانەنشینیدا وابڕیاربوو هەموار کرێتەوە، سێ بڕگەن، یەکەمیان تەمەنی خانەنشینی ئاسایی دەبێت بە (63) ساڵ، واتە 3 ساڵ زیاتر دەبێت لە پێشووتر کە (60) ساڵ بوو، هاوکات ئەوانەی خزمەتی زانکۆییان هەیە (هەڵگری نازناوی زانستی)، پزیشکی بەنج و دادوەری و دەروونی و راوێژکار و راوێژکاری یاریدەدەر لە ئەنجوومەنی دەوڵەت لەگەڵ فرۆکەوانەی مەدەنی تەمەنی خانەنشینیان لە (65) ساڵ دەبێت، واتە دەتوانن دوو ساڵ زیاتر لە خزمەت بەردەوام بن.
بڕیار ڕەشید باسی لەوەشکردووە، ئەوانەی یاسای دەرکراوی سیاسی دەیانگرێتەوە یاسای ژمارە (24)ی ساڵی 2005، و کەس و کاری پلە یەک و دووی شەهیدان کە یاسای دامەزراوەی شەهیدان ژمارە (2)ی ساڵی 2016 و یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2013 دەیانگرێتەوە تەمەنی خانەنشینیان لە (67) ساڵ دەبێت.