شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، حكومەتی عێراق، هەرێمی كوردستانی بە پرسی مووچەوە سەرقاڵكردووە لە كاتێكدا چەند پرسێكی گرنگی دیكە هەیە كە پێویستە یەكلابكرێتەوە و بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق روونە و دەبێت مانگانە هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێردرێت.
وتیشی، “مووچەی مووچەخۆرانی عێراق لە ماوەی یەك رۆژدا دەنێردرێت و دابەشدەكرێت، بەڵام ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دوادەخرێت و بەغداد لە هەموو روویەكەوە دەیەوێت كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروستبكات”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە زۆرینەی كێشەكان چارەسەردەبن و لە هەمانكاتدا هەمواری یاسای بودجە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد دەبێت.