راپۆرتی ئایندەی هەلی کار لە ساڵی 2025ی کۆڕبەندی ئابوریی جیهانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت زیانێکی گەورە بە بازاڕی کار بگەیەنێت، چونکە پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2030، 92 ملیۆن هەلی کار لەناوببات.
بەگوێرەی راپۆرتەکە کە سەدان کۆمپانیای گەورەی جیهانی لەخۆگرتووە، زیاتر لە 40%ی کۆمپانیاکان پلانیان هەیە تا ساڵی 2030 هێزی کاریان کەمبکەنەوە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ زیادبوونی تواناکانی زیرەکیی دەستکرد.
راپۆرتەکە دەریخستووە کە “77%ی کۆمپانیاکان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ دووبارە لێهاتوویی و راهێنانی کارمەندانی ئێستایان لە نێوان ساڵانی 2025 بۆ 2030 بە مەبەستی باشترکردنی هاوکاریی مرۆڤ و ئامێرەکان”.
لە راپۆرتەکەدا پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم دەیە 170 ملیۆن هەلی هەلی کاری نوێ دروست بکرێت، هاوکات 92 ملیۆن هەلی کار لەدەست بچێت.
تیل لیۆپۆڵد، بەرپرسی کار و کرێ و دروستکردنی هەلی کار لە کۆڕبەندی ئابوریی جیهانی دەڵێت،”رەوتەکانی وەک زیرەکیی دەستکرد و گۆڕانکارییە خێراکانی تەکنەلۆژیا پیشەسازییەکان بازاڕەکانی کار دەشێوێنن و مەترسیی قووڵ دروستدەکەن”.
دەشڵێت، “پێشکەوتن لە بوارەکانی زیرەکیی دەستکرد و رۆبۆتیک و سیستەمی وزە بەتایبەتی لە بواری وزەی نوێبووەوە و ئەندازیاری ژینگەیی، وایانکردووە خواست لەسەر پسپۆڕی لەو بوارانەدا بەرزببێتەوە”.