شارەزایەك: سێ ئالنگاری لەبەردەم تێپەڕاندنی بودجەی 2021دان

یەكێكیان پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە

شارەزایەكی ئابوری دەڵێت، سێ ئالنگاری روبەڕووی تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 لە پەرلەمان دەبێتەوە.

فوڕات موسەوی، شارەزای ئابوریی عێراقی ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا وتی، ئالنگاری یەكەمیان بریتییە لەو كورتهێنانە گەورەیەی لە پرۆژەیاساكەدا لەگەڵ هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی داهاتی دیكەی نانەوتی، دووەمیان پشكی هەرێمە لە بودجەدا، لەسایەی نەبوونی هیچ ڕێككەوتنێك تائێستا لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم دەربارەی ڕادەستكردنی سەرچاوەكانی نەوت و داهاتی دەروازە سنوورییەكان.

وتیشی، “ئالنگاری سێیەم ئەوەیە كە لە كاغەزی سپیدا هاتووە و حكومەت ئامادەیكردووە دەربارەی باجی سەر موچەی فەرمانبەران و ناڕەزایی ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتاران لەسەری”.

موسەوی ئەوەشی خستەڕوو، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە سێ دۆلار زیاتر لەو نرخەی لە پرۆژەیاساكەدا هەیە و بریتییە لە 42 دۆلار دەبێتە هۆی پڕكردنەوەی بەشێكی زۆری كورتهێنان بەبێ ئەوەی پێویست بە سەپاندنی باج بەسەر موچەی فەرمانبەراندا بكات.

لێدوانی ئەو شارەزایە لەكاتێكدا كۆبوونەوەكانی لیژنەی دارایی بۆ تاووتوێكردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 بەردەوامن.

دوێنێ شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، بەنزیكەیی گفتوگۆ سەرەتاییەكان تەواوبوون، بەڵام لە كۆبوونەوە بەردەوامن.

دەربارەی پشكی هەرێمیش لە پرۆژەیاساكەدا شیروان میرزا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد “ئەوەی تائێستا هەیە تەنها گفتوگۆی سەرەتاییە و هێشتا هیچ بڕگەیەك لە بەرژەوەندی یان دژی پشكی هەرێم یەكلانەبووەتەوە و ماوە جارێ”.

خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەیاساكە لە ئەنجومەنی نوێنەران كۆتایی هاتووە و ئەو پەرلەمانتارە ئەوەی خستەڕوو، پێدەچێت پرۆژەكە هەفتەی داهاتوو ئامادەبێت بۆ دواخوێندنەوە و دەنگدان لەسەری.

لە 9ی ئەم مانگەدا ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەكەم و دوو ڕۆژ دواتریش خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 ئەنجامدا.

بە پێی پرۆژەیاساكە، کۆی قەبارەی بودجەی گشتیی عێراق دەگاتە 164 تریلیۆن دینار، بەڵام داهات 93 تریلیۆن دینارە و بڕی کورتهێنانەکەی 71 تریلیۆن دینارە.

لە پرۆژەكەدا پشكی هەرێمی كوردستان بە (13.904.012.452.000) دینار دیاریكراوە، بەڵام ئەگەری دەستكاریكردن و گۆڕانكاریكردن تیایدا هەیە.

بابەتی پێشتر

خەزور و هاوژینی تەقەكەرەكەی هەولێر وردەكاری ڕوداوەكان دەگێڕنەوە

بابەتی دواتر

توێژینەوەیەك.. چالاكییە مرۆییەكان بەنزیكەیی هۆكاری هەموو گەرمییەكانە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share