سەدر: ڕێگە بە دواخستنێكی دیكەی هەڵبژاردن نادەم

سەرۆكی ڕەوتی سەدر داوای یەكخستنی هەوڵەكان بۆ سەركەوتنی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات و دەڵێت، “ڕێگە بە دواخستنێكی دیكەی هەڵبژاردنەكان نادات”.

موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی سەدر ئەمڕۆ سێشەممە 19ی كانونی دووەم لە تویتێكدا دەربارەی دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دیاریكردنی وادەیەكی نوێ دەڵێت، “ڕێگە بە دواخستنێكی دیكەی هەڵبژاردنەكان نادات”.

سەدر داوای دوركەوتنەوەش دەكات بە بەریەككەوتن و پێكداهەڵپژان و، داوای كاركردن دەكات بۆ سەركەوتنی هەڵبژاردن و هۆشداریشدەدات لە “یاریپێكردن لەلایەن گەندەڵكارانەوە” لەوەی پەیوەندی بە یاسای هەڵبژاردن و كاری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە هەیە.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، “هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختە دواخرا بۆ 10ی مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو”.

بڕیارەكە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتیی مستەفا كازمی دراوە، ئەوەش وەڵامی داوایەكی كۆمسیۆن بوو بۆ دواخستنی ئەو هەڵبژاردنەی كە بڕیاربوو لە 6ی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئەنجامبدرێت.

ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوو، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، “داوایەكی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.”

بە وتەی جومانە گلای، كۆمسیۆن پێویستی بە كاتی زیاترە بۆ ئامادەكارییكردن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و ئەنجامدانی بەشێوەیەكی باش و خوازراو.

بابەتی پێشتر

دادگایەكی گەرمیان فەرمانی دەستگیركردن بۆ دوو بەڕێوبەر دەردەكات

بابەتی دواتر

ئەمریکا هێڵەکانی تەلەفۆنی لە کونسوڵخانەی ڕوسیا لە نیویۆرک بڕیوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share